خانزاد ئەحمەد: کوردستان24 رۆڵی لە بەرزکردنەوەی هۆشیاریی کۆمەڵایەتی هەیە


خانزاد ئەحمەد، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان پیرۆزبایی لە کوردستان24 دەکات و دەڵێت: بە رووماڵی پیشەییانەی هەواڵ و بابەتەکانی تایبەت بە خێزان و ئافرەتان، رۆڵێکی بەرچاوتان هەبووە لە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی کۆمەڵایەتی و رێزگرتن لە بەها کۆمەڵایەتییەکان.

ئەمڕۆ شەممە 31ـی تشرینی یەکەمی 2026، بەبۆنەی 11 ساڵەی دەسپێکردنی پەخشی کوردستان24، خانزاد ئەحمەد لە پەیامێکی پیرۆزباییدا، سڵاوێکی گەرمی ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی و تەواوی ستافی دامەزراوەی میدیایی کەناڵی کوردستان24 کرد و نووسیویەتی: بەبۆنەی تێپەڕبوونی 11 ساڵ بەسەر دامەزراندنی کەناڵی ئازیزی (کوردستان24)، گەرمترین پیرۆزبایی لە ئێوەی بەڕێز و تەواوی کارمەندان، رۆژنامەنوسان و تەکنیککارانی کەناڵەکەتان دەکەم.

هەروەها رایگەیاند، هیواخوازم بە هەمان گوڕوتین و بە شێوازێکی هاوچەرخ و پێشەییانە درێژە بە کار و چالاکییە میدیاییەکانتان بدەن و لە خزمەتکردنی راستەقینەی گەل و نیشتمانەکه‌ماندا هەمیشە بەردەوام و سەرکەوتوو بن.

هەر لە پەیامەکەیدا، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان دەڵێت: دەستخۆشی و سوپاسی تایبەتی خۆمان ئاراستەی تەواوی ستافەکەتان دەکەین بۆ رووماڵکردنی بەرپرسیارانە، ئاکارییانە و پیشەییانەی هەواڵ و بابەتەکانی تایبەت بە خێزان و ئافرەتان، کە رۆڵێکی بەرچاوتان هەبووە لە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی کۆمەڵایەتی و رێزگرتن لە بەها کۆمەڵایەتییەکان.