دادگای کەرخ سزای زیندانیکردنی تاهەتایی بەسەر 6 هاووڵاتیی فەرەنسیدا سەپاند

دادگای کەرخ سزای 15 ساڵ زیندانیکردنی بەسەر هاووڵاتییەکی فەڕەنسیدا سەپاند

دادگای تاوانەکانی کەرخ، بە تۆمەتی ئەندامبوون لە رێکخراوی تیرۆریستی داعش، سزای زیندانیکردنی هەمیشەیی بە سەر 6 هاووڵاتیی فەرەنسی و 15 ساڵ زیندانی بەسەر حەوتەم کەسدا سەپاند. 

شەممە 31ـی تشرینی یەکەمی 2026، دادگای تاوانەکانی کەرخ سزای زیندانیکردنی هەمیشەیی بەسەر شەش سزادراودا و سزای زیندانیکردنی پازدە ساڵیش بەسەر سزادراوی حەوتەمدا سەپاند، هەموویان هەڵگری رەگەزنامەی فەرەنسین و بە تۆمەتی ئەندامبوون لە باندە تیرۆریستییەکانی داعش دادگایی کران، ئەمەش لە کاتێکدا رووی دا پارێزەرەکانیان و نوێنەرانی باڵیۆزخانەی فەرەنساش لە عێراق ئامادە بوون.

سزادراوەکان لەلایەن دەسەڵاتی دادوەرییەوە پۆلێن کراون، بە جۆرێک ئەم 7 کەسەی سزادراون لە کەسە زۆر مەترسیدارەکان بوون لەو رێکخراوەدا، ئەوەش بەهۆی رۆڵیان لە هەڕەشەکردن بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەییی عێراق و تێکدانی سەقامگیری لە عێراق و سووریا، سەرەڕای تێوەگلانیان لە هاندان بۆ جێبەجێکردنی هاوکاری و کردەوەی تیرۆریستی لە وڵاتانی دیکەدا.

 ئەو حەوت سزادراوە بەشێک بوون لە گرووپێکی گەورە لە 47 تۆمەتباری رەگەزنامە فەرەنسی پێکهاتبوون، ساڵی رابردوو لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریاوە رادەستی دەسەڵاتدارانی عێراق کرانەوە، و لەو کاتەوە دادگای لێکۆڵینەوەی کەرخ یەکەم لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا کردن و دواجار بەپێی رێکارە یاساییە پەسەندکراوەکان رادەستی دادگای تایبەتمەند کران، و ئەمڕۆ سزای یاساییان بەسەردا سەپێندرا.