فەلاح حەسەن: کوردستان24 رۆڵێکی دیاری هەبووە لە ناساندنی زیاتری قەڵای هەولێر
سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای قەڵای هەولێر، بە بۆنەی تێپەڕبوونی 11 ساڵ بەسەر دەستپێکردنی پەخشی کەناڵی کوردستان24، پیرۆزبایی ئاراستەی کارمەندانی دەزگاکە کرد و سوپاس و پێزانینی خۆی دەربڕی لەپای ئەو خزمەتە بەردەوامەی کەناڵەکە پێشکەشی کردووە بۆ زیاتر ناساندنی قەڵای مێژووییی هەولێر.
شەممە، 31ـی تشرینی یەکەمی 2026، فەلاح حەسەن، سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای قەڵای هەولێر، لە پەیامێکدا بە بۆنەی ساڵڕۆژی دەستپێکردنی پەخشی کەناڵی کوردستان24، پیرۆزبایییەکی گەرمی ئاراستەی تەواوی کارمەندانی ئەو دامەزراوە میدیایییە کرد.
سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای قەڵای هەولێر، لە پەیامەکەیدا دەستخۆشی لە هەوڵ و ماندووبوونی کوردستان24 کرد و رایگەیاند: لە ساڵڕۆژی دامەزراندنی کەناڵە بەڕێزەکەتاندا، سوپاس و پێزانینی زۆرمان هەیە بۆتان لەپای ئەو خزمەتە مەزنەی ئەنجامتان داوە بۆ زیاتر ناساندنی قەڵای دێرینی هەولێر و گەیاندنی بەهای مێژوویی و کەلتووریی ئەم شوێنەوارە جیهانییە بە بینەران.
11 ساڵ لەمەوبەر، دامەزراوەی کوردستان24 بۆ توێژینەوە و راگەیاندن لە وێستگەیەکی مێژوویی و چارەنووسسازدا دەستی بە کارەکانی کرد و هاتە نێو گۆڕەپانی رۆژنامەگەریی کوردییەوە. ئەو کاتەی گەلی کوردستان و هێزی پێشمەرگە لە جەنگێکی سەختدا دژی داعش وەستابوونەوە، کوردستان24 چووە سەنگەری بەرگری و بووە قەڵغانی پاراستنی خاک، مرۆڤ و سامانی نیشتمانیی کوردستان.