بڵند ئیسماعیل: کوردستان24 رۆڵێکی مێژوویی بینیوە لە گواستنەوەی راستییەکان
بەرپرسی لقی 10ـی پارتی دیموکراتی کوردستان، کەناڵی کوردستان24، وەک سەرچاوەیەکی بڕواپێکراو، پرۆفێشناڵ و نیشتمانی، هەروەها پاراستنی پرەنسیپە نەتەوەییەکان و گەیاندنی دەنگی رەوای گەلی کوردستان بە جیهان، پێناسە دەکات و هیوای سەرکەوتنی زیاتر و گەشەسەندنی بەردەوام بۆ تەواوی ستاف و کەناڵەکە دەخوازێت،
شەممە، 31ـی تشرینی یەکەمی 2026، بڵند ئیسماعیل، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی لقی 10ـی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە بۆنەی 11ـەمین ساڵیادی دەستپێکردنی پەخشی کوردستان24، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی کەناڵەکە کرد.
لە پەیامەکەی بەرپرسی لقی 10ـی پارتی دیموکراتی کوردستاندا هاتووە، بەڕێوەبەر، دەستەی کارگێڕی، رۆژنامەنووسان و تەواوی کارمەندانی دامەزراوەی میدیایی کوردستان24، بە بۆنەی تێپەڕبوونی 11 ساڵ بەسەر دەستپێکردنی پەخشی دەزگاکە، گەرمترین پیرۆزبایی لە ئێوەی خۆشەویست و رایگەیاندنکارانی ماندوونهناس و تەواوی بینەرانتان دەکەم.
بڵند ئیسماعیل دەڵێت: کوردستان24 لە ماوەی تەمەنی تێکۆشانی میدیایی خۆیدا، وەک سەرچاوەیەکی بڕواپێکراو، پرۆفێشناڵ و نیشتمانی، رۆڵێکی بەرچاو و مێژوویی بینیوە لە گواستنەوەی راستییەکان، پاراستنی پرەنسیپە نەتەوەییەکان و گەیاندنی دەنگی رەوای گەلی کوردستان بە جیهان.
هاوکات جەختی لەوە کردەوە، دەستکەوتەکانی ئەم دامەزراوەیە لە سەنگەری پاراستنی مافەکانی گەلەکەماندا مایەی شانازییە؛ دەشڵێت: دەستخۆشیتان لێدەکەم بۆ هەوڵ و ماندووبوونی بەردەوامتان لە راستگۆیی و پیشەییبووندا و، هیوای سەرکەوتنی زیاتر و گەشەسەندنی بەردەوامتان بۆ دەخوازم لە کار و پەیامە پیرۆزەکەتاندا.
11 ساڵ لەمەوبەر، دامەزراوەی کوردستان24 بۆ توێژینەوە و راگەیاندن لە وێستگەیەکی مێژوویی و چارەنووسسازدا دەستی بە کارەکانی کرد و هاتە نێو گۆڕەپانی رۆژنامەگەریی کوردییەوە. ئەو کاتەی گەلی کوردستان و هێزی پێشمەرگە لە جەنگێکی سەختدا دژی داعش وەستابوونەوە، کوردستان24 چووە سەنگەری بەرگری و بووە قەڵغانی پاراستنی خاک، مرۆڤ و سامانی نیشتمانیی کوردستان.