سیروان بارزانی: کوردستان24 رۆڵێکی کارای لە رووماڵی قارەمانێتییەکانی پێشمەرگە بینیوە

سیروان بارزانی بەبۆنەی یازدەهەمین ساڵیادی دەستپێکردنی پەخشی کوردستان24 پیرۆزبایی لە دەستەی بەڕێوەبەری و کارمەندانی کەناڵەکە کرد؛ ستایشی رۆڵی کارای کەناڵەکەی کرد لە رووماڵکردنی قارەمانێتییەکانی پێشمەرگە لە شەڕی دژی داعشدا و هیوای بەردەوامیی بۆ خواستن لەسەر رێچکە پیشەیییەکەیان.

شەممە 31ـی تشرینی یەکەمی 2026، سیروان بارزانی، بە بۆنەی یازدەیەمین ساڵیادی دەستپێکردنی پەخشی کەناڵی کوردستان24، پەیامێکی ئاراستەی بەڕێوەبەری گشتی، ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی، سەرجەم رۆژنامەنووسان و کارمەندانی کەناڵەکە کرد و تێیدا نووسیویەتی: یازدەمین ساڵیادی دامەزراندنیتان پیرۆزبیت.

لە پەیامەکەی سیروان بارزانیدا هاتووە، لە یازدە ساڵەی دا کوردستان24 رۆڵێکی کارای بینیوە لە پەخش و راگەیاندنی پیشەییانە و رۆڵێکی بەرچاوی بینیوە لە رووماڵکردنی قارەمانییەتی پێشمەرگەی لە شەڕی تیرۆریستانی داعش.

هەروەها دەشڵێت: هیوادارم بەردەوام بن لە ئەرکی پێشەییان و رووماڵکردنی هەواڵ و رووداوەکان بە شێوازی پرۆفیشناڵ و راستگۆیانە کە تاکو ئێستا پەیڕەویان کردووە.

11 ساڵ لەمەوبەر، دامەزراوەی کوردستان24 بۆ توێژینەوە و راگەیاندن لە وێستگەیەکی مێژوویی و چارەنووسسازدا دەستی بە کارەکانی کرد و هاتە نێو گۆڕەپانی رۆژنامەگەریی کوردییەوە. ئەو کاتەی گەلی کوردستان و هێزی پێشمەرگە لە جەنگێکی سەختدا دژی داعش وەستابوونەوە، کوردستان24 چووە سەنگەری بەرگری و بووە قەڵغانی پاراستنی خاک، مرۆڤ و سامانی نیشتمانیی کوردستان.