لایەنە سیاسییەکان رۆڵی کوردستان24 لە پرسە نیشتمانییەکان بە گرنگ دەزانن

11 ساڵ کاری پیشەیی و داکۆکیکردن لە پرسی نەتەوەیی، کوردستان24ـی کردووەتە سەکۆیەکی متمانەپێکراو بۆ کۆکردنەوەی هەموو دەنگ و رەنگە جیاوازەکان. نوێنەرانی لایەنە جیاوازەکان دەڵێن: کوردستان24 تەنیا بڵاوکەرەوەی هەواڵ نەبووە، بەڵکو دەرگای بۆ هەموو بیروباوەڕ و دیدگاکان واڵا کردووە تا پەیامیان بگەیەنن.

لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لە یادی 11 ساڵەی دەستپێکردنی پەخشی کوردستان24، پەیامی پیرۆزبایی ئاراستەی کەناڵەکە دەکەن و جەختدەکەنەوە کە ئەم دەزگایە لە تەمەنی میدیایی خۆیدا، پارێزەری سەرسەختی پرسە نەتەوەیی و نیشتمانی و ئایینییەکان بووە و لە هەستیارترین وێستگەکاندا پابەندی بەهای پیشەیی و ئیتیکی رۆژنامەوانی بووە.

شوان رابەر، ئەندامی سەرکردایەتیی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، گوتی: کەناڵی کوردستان24 پەیامنێری زۆر لە شوێنی دونیا هەیە، لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان کەناڵێکی بەهێزە و خەڵکی سەیری دەکات و بینەر و بیسەری زۆری هەیە، کەناڵەکە دەنگی رەنگی سەرجەم لایەنە سیاسییە جیاوازەکان و پێکهاتەکانە.

لە لایەکی دیکەوە، رۆمیۆ هەکاری، سکرتێری گشتیی حزبی بەیت نەهرێنی دیموکراتی، وێڕای پیرۆزباییکردن لە بینەر و بیسەری کوردستان24، بە بۆنەی 11 ساڵەی دەستپێکردنی پەخشی کەناڵەکە، جەختی لەوە کردەوە، کەناڵەکە هەمیشە جێگەی دەستی دیار بووە و رووماڵی هەموو رووداوەکانی کردووە و بووەتە سەرچاوەی هەواڵی هاووڵاتییان.


سکرتێری گشتیی حزبی بەیت نەهرێنی دیموکراتی، دەڵێت: کەناڵەکە هەمیشە دەنگی پێکهاتەکانی بێجیاوازی گەیاندووە و رۆڵی کەنالەکە لە پرسە نیشتمانییەکان بە گرنگ دەزانین.

لای خۆیەوە غازی عەلی، بەرپرسی مەکتەبی راگەیاندنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، دەڵێت: پیرۆزبایی لە کەناڵەکە و تەواوی ستاف و بینەر و بیسەرانی دەکەم، هیوادارم پەیامی کەناڵەکە لە خزمەت خاک و خەڵکی کوردستاندا بێت.

گوتیشی: هیوادارم سەرکەوتوو بن، هەروەها کەناڵی کوردستان24، جێگەی دەستی دیارە لە کوردستان.

11 ساڵ لەمەوبەر، دامەزراوەی کوردستان24 بۆ توێژینەوە و راگەیاندن لە وێستگەیەکی مێژوویی و چارەنووسسازدا دەستی بە کارەکانی کرد و هاتە نێو گۆڕەپانی رۆژنامەگەریی کوردییەوە. ئەو کاتەی گەلی کوردستان و هێزی پێشمەرگە لە جەنگێکی سەختدا دژی داعش وەستابوونەوە، کوردستان24 چووە سەنگەری بەرگری و بووە قەڵغانی پاراستنی خاک، مرۆڤ و سامانی نیشتمانیی کوردستان.