کەمال کەرکووکی: کوردستان24 دەنگ و رەنگی سەنگەرەکانی بەرگری و نیشتمانپەروەرییە

کەمال کەرکووکی رۆڵی نیشتمانی و مێژووییی کوردستان24 بەرز دەنرخێنێت

د. کەمال کەرکووکی، بەرپرسی بەشی پەیوەندیی گشتیی پارتی دیموکراتی کوردستان،
د. کەمال کەرکووکی، بەرپرسی بەشی پەیوەندیی گشتیی پارتی دیموکراتی کوردستان،

بەرپرسی بەشی پەیوەندیی گشتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە پەیامێکدا بە بۆنەی تێپەڕبوونی 11 ساڵ بەسەر دەستپێکردنی پەخشی کەناڵی ئاسمانیی کوردستان24، ئەو دامەزراوە میدیایییەی بە دەنگ و رەنگی سەنگەرەکانی ڕاستی، بەرگری و نیشتمانپەروەری وەسف کرد و، ستایشی مێژووی پڕ لە شانازیی کەناڵەکەی کرد لە هاوڕێیەتیکردنی هێزەکانی پێشمەرگە لە سەنگەرەکانی بەرگری لە خاکی نیشتمان.

شەممە، 31ـی تشرینی یەکەمی 2026، د. کەمال کەرکووکی، بەرپرسی بەشی پەیوەندیی گشتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە بۆنەی تێپەڕبوونی 11 ساڵ بەسەر دەستپێکردنی پەخشی کەناڵی ئاسمانیی کوردستان24، پەیامێکی پیرۆزبایی و پێزانینی بڵاوکردەوە و تێیدا تیشکی خستە سەر پێگە و رۆڵی نیشتمانیی ئەم دامەزراوەیە لە گۆڕەپانی میدیای کوردیدا.

کەمال کەرکووکی لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد، لە مێژووی گەلی کوردستاندا زۆرجار و سەرەڕای ستەمەکانی داگیرکەران، ستەملێکراوانی گەلی کوردستانیان بە ستەمکار و بە پێچەوانەی حەقیقەت نیشانی دونیا دەدا؛ بەڵام لە سایەی تێکۆشانی گەلەکەمان و دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان، هاتنەکایەی میدیای ئازادی وەک کوردستان24 توانی ئەم هاوکێشەیە پێچەوانە بکاتەوە.

هاوکات جەختی کردەوە، کە کوردستان24 لە سەرەتای دامەزراندنییەوە وەک دامەزراوەیەکی پیشەیی و نیشتمانی دەرکەوتووە و بووەتە پردێکی بەهێزی گواستنەوەی راستییەکان بۆ جەماوەری کوردستان و سەرانسەری جیهان.

سەبارەت بە ساتەوەختی دەستپێکردنی پەخشی کەناڵەکە، کەرکووکی روونی کردەوە: سەرەتای پەخشی کوردستان24 هاوکات بوو لەگەڵ یەکێک لە هەستیارترین قۆناخەکانی مێژووی هاوچەرخی گەلەکەمان، لەو رۆژگارانەی کە بە رابەرایەتیی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی لە بەرەکانی جەنگدا، فەرماندە و پێشمەرگە قارەمانەکان داستانەکانی سەرکەوتنی گەل و نیشتمانیان تۆمار دەکرد؛ لەو قۆناخەدا کوردستان24 بووە هاوڕێی دانەبڕاوی سەنگەرەکانی پێشمەرگە، کامێرا و مایکی پەیامنێرانی کەناڵەکە لە یەک بەرەدا هاوشانی چەکی پێشمەرگە بوون.

ئەوەشی خستەڕوو، کە لە گەرمەی رووبەڕووبوونەوەکاندا، فەرماندە و پێشمەرگە سەربەرزەکان داستانی سەرکەوتنیان دەنوسییەوە و کوردستان24ـیش راستەوخۆ هەواڵ و راستییەکانی ئەو داستانانەی دەگەیاندە هەموو جیهان، تا ئەو ئاستەی کەناڵەکە بووە سەرچاوەیەکی گرنگ و سەرەکی بۆ ئاژانس و کەناڵە نێودەوڵەتییەکان لە بەرەکانی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا.

کەمال کەرکووکی ئاماژەی بە قۆناخی ئێستای کەناڵەکە کرد و گوتی: ئەمڕۆش کە 11 ساڵ بەسەر تەمەنی ئەم دامەزراوە میدیایییە سەربەخۆیەدا تێپەڕ دەبێت، گواستنەوەی راستییەکان بە شێوازێکی زانستی، بابەتییانە و پیشەیی لەلایەن ئەم کەناڵەوە بەردەوامیی هەیە.

کەرکووکی، لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، پیرۆزبایییەکی گەرمی ئاراستەی بەڕێوەبەری گشتی، دەستەی بەڕێوەبردن و سەرجەم کارمەندە دڵسۆزەکانی کوردستان24 کرد و، هیوای سەرکەوتن و پێشکەوتنی بەردەوامی بۆ خواستن لە گەیاندنی دەنگی نیشتمان و داکۆکیکردن لە دۆزی رەوای گەلی کوردستان.

11 ساڵ لەمەوبەر، دامەزراوەی کوردستان24 بۆ توێژینەوە و راگەیاندن لە وێستگەیەکی مێژوویی و چارەنووسسازدا دەستی بە کارەکانی کرد و هاتە نێو گۆڕەپانی رۆژنامەگەریی کوردییەوە. ئەو کاتەی گەلی کوردستان و هێزی پێشمەرگە لە جەنگێکی سەختدا دژی داعش وەستابوونەوە، کوردستان24 چووە سەنگەری بەرگری و بووە قەڵغانی پاراستنی خاک، مرۆڤ و سامانی نیشتمانیی کوردستان.