شاخەوان عەبدوڵڵا: کوردستان24 پارێزەری ناسنامە و دۆزی رەوای نەتەوەکەمانە

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، لە پەیامێکی پیرۆزباییدا بە بۆنەی تێپەڕبوونی 11 ساڵ بەسەر دەستپێکردنی پەخشی کەناڵی کوردستان24، ستایشی کاروانی میدیاییی ئەم دامەزراوەیەی کرد و رایگەیاند: کوردستان24 لە سۆنگەی بەرپرسیارێتیی نەتەوەیییەوە، تەمەنێکە بێوچان لە سەنگەری گەیاندنی راستییەکان، پاراستنی راگەیاندنی نیشتمانی و داکۆکیکردن لە قەوارە و مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستاندا وەستاوە.

شەممە، 31ـی تشرینی یەکەمی 2026، شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، بە بۆنەی تێپەڕبوونی ١١ ساڵ بەسەر دەستپێکردنی پەخشی کەناڵی ئاسمانیی کوردستان24، پەیامێکی پیرۆزبایی و دەستخۆشیی ئاراستەی بەڕێوەبەری گشتی، میدیاکاران، کارمەندان و سەرجەم بینەران و گوێگرانی ئەو دامەزراوەیە کرد.

شاخەوان عەبدوڵڵا لە دەستپێکی پەیامەکەیدا گەرمترین پیرۆزباییی خۆی ئاراستەی ستافی کەناڵەکە کرد و گوتی: کوردستان24 لە سۆنگەی بەرپرسیارێتییە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانەوە، تەمەنێکە بێوچان لە خزمەتی گەیاندنی راستییەکان، پاراستنی سەنگەری راگەیاندنی نیشتمانی و بەرگریکردن لە قەوارەی هەرێم و مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستاندایە.

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق پێگەی کەناڵەکەی بەرز نرخاند و رایگەیاند: ئەم دامەزراوەیە هەمیشە وەک سەکۆیەکی راستگۆیانە لە سەنگەری راستییەکاندا وەستاوە و بە هەڵوێستی روون و پەیامی رەسەنی خۆی، توانیویەتی دەنگی راستەقینەی گەلەکەمان و سەروەری و قارەمانێتییەکانی پێشمەرگە بگەیەنێتە تەواوی جیهان.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، شاخەوان عەبدوڵڵا ستایشی شێوازی کارکردنی پیشەییی کەناڵەکەی کرد و ئاماژەی بەوە دا، هەوڵە پیشەیی و پڕ لە هەڵوێستەکانتان لە رووماڵکردنی رووداوەکان و بڵاوکردنەوەی زانیاریی دروست، جێگەی شانازی و دەستخۆشیی بەردەواممانە؛ ئێوە هەمیشە ئەوەتان سەلماندووە کە میدیا تەنیا گواستنەوەی رووداوەکان نییە، بەڵکوو پارێزەرێکی بە ئەمەکی ناسنامە، مێژوو و دۆزی رەوای نەتەوەکەمانە.

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق هیوای بەردەوامی و سەرکەوتنی بۆ کەناڵەکە خواست و گوتی: هیوادارم ئەم یادە پیرۆزە ببێتە هەوێنی بەردەوامی و سەکۆیەک بۆ زیاتر بەرەوپێشبردنی ئاستی کاروانە پیشەیییەکەتان و، هەمیشە سەربەرز و پێشەنگ بن لە خزمەتکردنی نیشتماندا.

11 ساڵ لەمەوبەر، دامەزراوەی کوردستان24 بۆ توێژینەوە و راگەیاندن لە وێستگەیەکی مێژوویی و چارەنووسسازدا دەستی بە کارەکانی کرد و هاتە نێو گۆڕەپانی رۆژنامەگەریی کوردییەوە. ئەو کاتەی گەلی کوردستان و هێزی پێشمەرگە لە جەنگێکی سەختدا دژی داعش وەستابوونەوە، کوردستان24 چووە سەنگەری بەرگری و بووە قەڵغانی پاراستنی خاک، مرۆڤ و سامانی نیشتمانیی کوردستان.