ئەشواق جاف: کوردستان24 قارەمانێتییەکانی پێشمەرگەی بە جیهان ناساند
ئەشواق جاف، باڵیۆزی کۆماری عێراق، لە پەیامێکدا بە بۆنەی 11ـەمین ساڵیادی دەستپێکردنی پەخشی کەناڵی کوردستان24، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی، ستاف و بینەرانی کەناڵەکە کرد و ستایشی رۆڵی مێژووییی دامەزراوەکەی کرد لە ناساندنی نەبەردییەکانی هێزی پێشمەرگە لە جەنگی دژ بە تیرۆردا بە جیهان، کە وایکرد ببێتە سەرچاوەیەکی سەرەکی و باوەڕپێکراو بۆ میدیا نێودەوڵەتییەکان.
شەممە، 31ـی تشرینی یەکەمی 2026، د. ئەشواق جاف، باڵیۆزی کۆماری عێراق، بە بۆنەی تێپەڕبوونی 11 ساڵ بەسەر دەستپێکردنی پەخشی کەناڵی ئاسمانیی کوردستان24، پەیامێکی فەرمیی پیرۆزبایی و دەستخۆشیی ئاراستەی بەڕێوەبەری گشتی، دەستەی بەڕێوەبردن، سەرجەم میدیاکاران، کارمەندان و بینەرانی ئەو دامەزراوە میدیایییە کرد.
ئەشواق جاف لە دەستپێکی پەیامەکەیدا، گەرمترین پیرۆزباییی خۆی دەربڕی و رایگەیاند: کەناڵی کوردستان24 وەک میدیایەکی نیشتمانی و بەرپرسیار، لە کاتی جەنگی دژ بە تیرۆردا قارەمانێتی و قوربانیدانەکانی هێزی پێشمەرگەی بە هەموو جیهان ناساند و، توانی ببێتە سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو بۆ کەناڵ و ئاژانسە جیهانییەکان.
باڵیۆزی عێراق ئاماژەی بە پابەندبوونی پیشەییی کەناڵەکە کرد و گوتی: کوردستان24 بە پێشکەشکردنی هەواڵی راستگۆ و پابەندبوونی بەردەوام بە ئیتیکی رۆژنامەوانی، هەمیشە لە گەیاندنی راستییەکاندا بە کۆمەڵگە و رای گشتی سەرکەوتوو بووە.
ئەشواق جاف دەستخۆشی لە ماندووبوونی ستافی کەناڵەکە کرد و گوتی: لەم یادە پیرۆزەدا، وێڕای دەستخۆشیم، ماندووبوون و هەوڵە دڵسۆزانەتان بۆ خزمەتکردنی نیشتمان بەرز دەنرخێنم؛ ئێوە هەمیشە بە پیشەییبوون و رەچاوکردنی باڵاترین پرەنسیپەکان، ئەرکە نیشتمانییەکانتان ئەنجام داوە.
باڵیۆزی کۆماری عێراق هیوای سەرکەوتنی زیاتری بۆ کەناڵی کوردستان24 خواست و رایگەیاند :هیوادارم کاروانی میدیاییتان هەمیشە لە لوتکەی سەرکەوتن و پێشکەوتندا بێت لە خزمەتکردنی زیاتری نیشتماندا.
11 ساڵ لەمەوبەر، دامەزراوەی کوردستان24 بۆ توێژینەوە و راگەیاندن لە وێستگەیەکی مێژوویی و چارەنووسسازدا دەستی بە کارەکانی کرد و هاتە نێو گۆڕەپانی رۆژنامەگەریی کوردییەوە. ئەو کاتەی گەلی کوردستان و هێزی پێشمەرگە لە جەنگێکی سەختدا دژی داعش وەستابوونەوە، کوردستان24 چووە سەنگەری بەرگری و بووە قەڵغانی پاراستنی خاک، مرۆڤ و سامانی نیشتمانیی کوردستان.