ئایدن مەعرووف: کوردستان24 بایەخێکی تایبەتی بە سەرجەم پێکهاتەکان داوە

ئایدن مەعرووف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان
ئایدن مەعرووف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان

وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، دەڵێت: کارەکانی کوردستان24 تەنیا گواستنەوەی زانیاریی رۆژانە نییە، بەڵکو پاڵپشتییەکی بنەڕەتی و بەهێزە بۆ چەسپاندنی لێبووردەیی و بەهێزکردنی برایەتی لە نێوان ئایین و نەتەوەکان لە هەرێمی کوردستان و تەواوی عێراق.

شەممە، 31ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئایدن مەعرووف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، لە پەیامێکی پیرۆزباییدا بۆ کوردستان24 جەختدەکاتەوە، ئەم دامەزراوەیە لە رێگەی هەواڵ، رووماڵی بەردەوام و بەرنامە هەمەڕەنگەکانییەوە، هەمیشە بایەخێکی تایبەتی بە ژیان و مافەکانی سەرجەم پێکهاتەکان داوە و بووەتە پردێکی باوەڕپێکراو بۆ گەیاندنی دەنگی راستەقینەیان بە رای گشتی.

وەزیری کاروباری پێکهاتەکان روونی کردەوە، کارەکانی کوردستان24 تەنیا گواستنەوەی زانیاریی رۆژانە نییە، بەڵکو پاڵپشتییەکی بنەڕەتی و بەهێزە بۆ چەسپاندنی لێبوردەیی و بەهێزکردنی برایەتی لەنێوان ئایین و نەتەوەکان لە هەرێمی کوردستان و تەواوی عێراق؛ رۆڵێک کە دەیسەلمێنێت راگەیاندنی نیشتمانی، دەبێتە قەڵغانی پاراستنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی.

11 ساڵ لەمەوبەر، دامەزراوەی کوردستان24 بۆ توێژینەوە و راگەیاندن لە وێستگەیەکی مێژوویی و چارەنووسسازدا دەستی بە کارەکانی کرد و هاتە نێو گۆڕەپانی رۆژنامەگەریی کوردییەوە. ئەو کاتەی گەلی کوردستان و هێزی پێشمەرگە لە جەنگێکی سەختدا دژی داعش وەستابوونەوە، کوردستان24 چووە سەنگەری بەرگری و بووە قەڵغانی پاراستنی خاک، مرۆڤ و سامانی نیشتمانیی کوردستان.