سەفین دزەیی: کوردستان24 توانیویەتی ماڵەکانی کوردستان رووناک بکاتەوە

سەفین موحسین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
سەفین موحسین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە، کوردستان24 لە ماوەی 11 ساڵی رابردوودا توانیویەتی ماڵەکانی کوردستان رووناک بکاتەوە؛ دەشڵێت: کەناڵەکە توانیویەتی متمانەیەکی پتەو لە نێوان شاشە و بینەردا دروست بکات.

شەممە، 31ـی تشرینی یەکەمی 2026، سەفین موحسین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە بۆنەی ساڵیادی دەستپێکردنی پەخشی کوردستان24، گوتی:
دەستخۆشی لە رۆڵی بەرچاوی کوردستان24 دەکەم و کەناڵەکە لە ماوەی 11 ساڵی رابردوودا توانیویەتی ماڵەکانی کوردستان رووناک بکاتەوە.

دزەیی روونیکردەوە، سەرکەوتنی ئەم دەزگایە تەنیا لە گواستنەوەی بە پەلەی هەواڵەکاندا نەبووە، بەڵکو لە رێگەی بەرهەمهێنانی زنجیرەیەک بەرنامەی جیاواز و دەستبردن بۆ ئەو پرسانەی بە شێوەیەکی راستەوخۆ جێگەی گرنگیدانی ژیانی رۆژانەی هاووڵاتییانن، توانیویەتی دەنگ و داخوازییەکانی خەڵک بکاتە سەنتەری کارەکانی خۆی و متمانەیەکی پتەو لە نێوان شاشە و بینەردا دروست بکات.

11 ساڵ لەمەوبەر، دامەزراوەی کوردستان24 بۆ توێژینەوە و راگەیاندن لە وێستگەیەکی مێژوویی و چارەنووسسازدا دەستی بە کارەکانی کرد و هاتە نێو گۆڕەپانی رۆژنامەگەریی کوردییەوە. ئەو کاتەی گەلی کوردستان و هێزی پێشمەرگە لە جەنگێکی سەختدا دژی داعش وەستابوونەوە، کوردستان24 چووە سەنگەری بەرگری و بووە قەڵغانی پاراستنی خاک، مرۆڤ و سامانی نیشتمانیی کوردستان.