هاوپەیمانیی سیادە ستایشی رۆڵی کوردستان24 لە رووبەڕووبوونەوەی بیری توندڕەوی دەکات

سەرۆکی هاوپەیمانیی سیادە لە پەیامێکی پیرۆزباییدا بەبۆنەی یازدەهەمین ساڵیادی دامەزراندنی کوردستان24، ستایشی رۆڵی کەناڵەکە دەکات لە رووبەڕووبوونەوەی بیری توندڕەوی و گوتاری رق و کینە، هاوکات دەستخۆشی لە ستافی کەناڵەکە دەکات بۆ گەیاندنی دەنگی هەرێمی کوردستان بە تەواوی ناوچەکانی عێراق.

شەممە 31ـی تشرینی یەکەمی 2026، بەبۆنەی تێپەڕبوونی 11 ساڵ بەسەر دەستپێکی پەخشی دامەزراوەی میدیایی کوردستان24، سەرمەد خەنجەر سەرۆکی هاوپەیمانیی سیادە لە عێراق، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی و سەرجەم رۆژنامەنووسان و کارمەندانی کەناڵەکە کرد.

لە پەیامەکەیدا، سەرۆکی هاوپەیمانیی سیادە سەرنجی خستووەتە سەر سەردەمی دەستپێکردنی پەخشی کەناڵەکە و رایگەیاندووە: بەبۆنەی یازدەهەمین ساڵیادی دەستپێکردنی کەناڵی کوردستان24، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم کادیرانتان دەکەین؛ هاوکات یادی ئەو کاروانە میدیاییە بەرز دەنرخێنین کە لە قۆناخێکی هەستیار و چارەنووسسازی مێژووی عێراقدا دەستیپێکرد، تا گرنگیی وشەی بەرپرسیارانە لە گواستنەوەی راستییەکان و رووبەڕووبوونەوەی بیری توندڕەوی و گوتاری رقوکینە و چەواشەکاری بسەلمێنێت.

سەرمەد خەنجەر ئاماژەی بە پابەندبوونی پیشەییانەی کەناڵەکە کردووە و نووسیویەتی: بە بایەخەوە دەڕوانینە ئەو پێگە بەهێزەی کە کەناڵەکەتان لە کایەی راگەیاندنی کوردستان و عێراقدا جێگیری کردووە، هەروەها ئەو پابەندبوونە گەورەیەی بەڕێوەبەرایەتی و کارمەندانی بە بنەما و ئێتیکی رۆژنامەوانی و پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ نیشانیان داوە. دەستان دەگوشین بۆ هەوڵە بەردەوامەکانتان لە گەیاندنی دەنگی هەرێمی کوردستان بە سەرانسەری عێراق.

سەرۆکی هاوپەیمانیی سیادە هیوای بەردەوامی و سەرکەوتنی بۆ کاروانی راگەیاندنی کوردستان24 خواستووە لە پێناو بەردەوامیدان بە پەیامە میدیاییەکەی بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگە و بەهێزکردنی ئاشتی و تەبایی نیشتمانی لە وڵاتدا.

11 ساڵ لەمەوبەر، دامەزراوەی کوردستان24 بۆ توێژینەوە و راگەیاندن لە وێستگەیەکی مێژوویی و چارەنووسسازدا دەستی بە کارەکانی کرد و هاتە نێو گۆڕەپانی رۆژنامەگەریی کوردییەوە. ئەو کاتەی گەلی کوردستان و هێزی پێشمەرگە لە جەنگێکی سەختدا دژی داعش وەستابوونەوە، کوردستان24 چووە سەنگەری بەرگری و بووە قەڵغانی پاراستنی خاک، مرۆڤ و سامانی نیشتمانیی کوردستان.