کونسوڵی گشتیی ئیتاڵیا لە هەولێر: کوردستان24 سەرچاوەیەکی بەنرخ و متمانەپێکراوی زانیارییە
کونسوڵی گشتیی ئیتاڵیا لە هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا بەبۆنەی یازدەیەمین ساڵیادی دەستپێکی پەخشی کوردستان24، دەستخۆشی لە بەڕێوەبەرایەتی و تەواوی ستافی کەناڵەکە کرد و رایگەیاند، پەیوەندییەکی دێرین لە نێوان کونسوڵخانەکەیان و کوردستان24دا هەیە و کەناڵەکە وەک سەرچاوەیەکی بەنرخ و متمانەپێکراوی زانیاری رۆڵ دەگێڕێت.
شەممە 31ـی تشرینی یەکەمی 2026 لە یازدەیەمین ساڵیادی دەستپێکردنی پەخشی کوردستان24، تۆماسۆ سانسۆنی، کونسوڵی گشتیی ئیتاڵیا لە هەولێر پیرۆزبایی ئاراستەی تەواوی کارمەندانی کەناڵەکە کرد و سەرنجی خستە سەر پێگە و گرنگیی کاری میدیایی کوردستان24.
کونسوڵی گشتیی ئیتاڵیا رایگەیاند: "زۆر دڵخۆشم کە لێرە لەگەڵ ئێوە یازدەیەمین ساڵیادی دامەزراندنی کوردستان24 بەرز رادەگرین. کوردستان24 پەیوەندییەکی درێژخایەنی لەگەڵ کونسوڵخانەی ئیتاڵیا لە هەولێر هەیە و هەمیشە وەک سەرچاوەیەکی بەنرخی زانیاری سەیرمان کردووە؛ جێگەی دەستخۆشییە کە کەناڵەکە بە زمانەکانی کوردی (سۆرانی و بادینی)، ئینگلیزی، عەرەبی و چەندین زمانی دیکە هەواڵەکانی بڵاودەکاتەوە و دەگاتە بەرفراوانترین ئاستی وەرگر.
تۆماسۆ سانسۆنی ئاماژەی بە دۆخی هەستیاری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد و گوتی: "هەمیشە دەمانەوێت چاومان لەسەر کەناڵەکەی ئێوە بێت بۆ ئەوەی بە وردی لە پێشهاتەکان ئاگادار بین، چونکە ئێمە لە ناوچەیەکدا دەژین کە لە هەر ساتێکدا ئەگەری دروستبوونی گرژی هەیە؛ هیوادارین لە داهاتوودا هەمووان پێکەوە توانای هێورکردنەوەی ئەم ئاڵۆزییانەمان هەبێت."
کونسوڵی گشتی سوپاسی کوردستان24ی کرد بۆ رووماڵکردنی بەردەوامی کۆنفرانس و چالاکییەکانی کونسوڵخانەی ئیتاڵیا لە پایتەختی هەرێمی کوردستان و رایگەیاند: "هەر پەیام و رووماڵێکی میدیایی کە ببێتە هۆی نیشاندانی وێنەیەکی جوان، ئەرێنی و راستەقینەی وڵاتەکەمان، جێگەی پێزانینی زۆرمانە و سوپاسی ماندووبوونی کوردستان24 دەکەین."
11 ساڵ لەمەوبەر، دامەزراوەی کوردستان24 بۆ توێژینەوە و راگەیاندن لە وێستگەیەکی مێژوویی و چارەنووسسازدا دەستی بە کارەکانی کرد و هاتە نێو گۆڕەپانی رۆژنامەگەریی کوردییەوە. ئەو کاتەی گەلی کوردستان و هێزی پێشمەرگە لە جەنگێکی سەختدا دژی داعش وەستابوونەوە، کوردستان24 چووە سەنگەری بەرگری و بووە قەڵغانی پاراستنی خاک، مرۆڤ و سامانی نیشتمانیی کوردستان.