لیژنەی ماددەی 140: شنگال ناوچەیەکی جێناکۆکە و نابێت دەستکاریی دیمۆگرافیای بکرێت

"هەر رێکارێکی ئیداری ببێتە هۆی گۆڕینی دیمۆگرافیا لە نەینەوا، نایاسایی و نادروستە"

بە پێی بەڵگەنامە و نووسراوێکی فەرمیی لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی ماددەی 140ـی دەستووری کۆماری عێراق کە بە واژۆی هادی عامری، سەرۆکی لیژنەکە ئاراستەی پارێزگای نەینەوا کراوە، قەزای شنگال و تەواوی ناحیەکانی لە پاڵ ناوچە کێشەلەسەرەکانی دیکەی پارێزگاکەدا، وەک ناوچەی جێناکۆک دیاری کراون و هۆشداری دراوە کە بڕیارەکانی لیژنەکە دەستوورین و دەبێت وەک خۆیان پەیڕەو بکرێن.

لە بەڵگەنامە و نووسراوێکی فەرمیدا کە لە ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق/ لیژنەی جێبەجێکردنی ماددەی (140)ـی دەستوورەوە دەرچووە و ئاراستەی پارێزگای نەینەوا کراوە، هادی عامری، سەرۆکی لیژنەکە، جەخت لەسەر پاراستنی مافی هاووڵاتییان و جێبەجێکردنی دەستوور لە ناوچە کێشەلەسەرەکاندا دەکاتەوە.

بە پێی دەقی نووسراوە فەرمییەکە، لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی ماددەی 140 کۆمەڵێک بڕیار و رێنماییی بنەڕەتیی خستووەتە بەردەم دەسەڵاتی کارگێڕیی پارێزگای نەینەوا سەبارەت بەو ناوچانەی دەکەونە چوارچێوەی ناوچە جێناکۆکەکانەوە، لەوانە: قەزای شنگال و ناحیەکانی (بەعشیقە، قەحتانییە/گرعوزێر، زوممار)، قەزای تلکێف و ناحیەکانی (ئەلقۆش، وانێ، فایدە)، قەزای مەخموور.

لە نووسراوەکەدا چەند خاڵێکی سەرەکی و بڕیاردەر روون کراونەتەوە:

پاراستنی مافی هاووڵاتییان: بە هیچ شێوەیەک نابێت دەستکاری یان پێشێلکاری بەرانبەر مافی ئەو هاووڵاتییانە بکرێت کە رێنمایی و بڕیارەکانی لیژنەی جێبەجێکردنی ماددەی 140ـی دەستوور دەیانگرێتەوە لەم ناوچانەدا، بەو پێیەی ئەم سنوورانە بە تەواوەتی ناوچەی جێناکۆکن.

نایاساییبوونی گۆڕانکاریی دیمۆگرافی: سەرجەم ئەو رێکارە ئیدارییانەی لە لایەن بەرپرس و سەرۆکی یەکە کارگێڕییەکانەوە لەو ناوچانە گیراونەتەبەر، کە بە هەر جۆرێک دەبنە هۆی دروستکردنی گۆڕانکاریی دیمۆگرافی و پێچەوانەی رێکارەکانی لیژنەی ماددەی 140ـن، بە تەواوەتی نادروست و بەتاڵن.

ئیلزامیبوونی بڕیارەکان: بڕیارەکانی لیژنەی جێبەجێکردنی ماددەی 140ـی دەستووری عێراق بڕیاری ئیلزامی و پێویستن بۆ جێبەجێکردن لە لایەن هەموو لایەکەوە، چونکە ماددەیەکی دەستوورییە و هیچ لایەن و دەسەڵاتێک بۆی نییە ئەو بڕیارانە پێشێل بکات.

قەدەخەکردنی رێکاری تاکڕەوانە: داوا لە ئیدارەی پارێزگای نەینەوا کراوە کە هیچ رێکارێکی کارگێڕی لەو ناوچە جێناکۆکانەدا نەگرێتەبەر، مەگەر دوای گەڕانەوەی فەرمی بۆ لیژنەی جێبەجێکردنی ماددەی 140، ئەمەش لە پێناو پاراستنی مافی هاووڵاتییان و رێگریکردن لە هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر پێگەی یاسایییان.

وێنەیەک لەم نووسراوە فەرمییەی هادی عامری ئاراستەی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، بەشی یاسایی، و نووسینگەی لیژنەکە لە نەینەوا کراوە، بە مەبەستی گرتنەبەری رێکاری پێویست و پاراستنی سەروەریی دەستوور لەو ناوچانەدا.