عەبدوڵڵا وەیسی لە ساڵیادی دەستپێکردنی پەخشیدا پیرۆزبایی لە کوردستان24 دەکات

سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان بەبۆنەی یازدەهەمین ساڵیادی دەستپێکی پەخشیی کوردستان24 رایگەیاند، کەناڵەکە لە بارودۆخێکی ئێجگار ناسک و لە کاتی شەڕی تیرۆریستانی داعشدا هاتە مەیدان و بەهۆی پاراستنی بنەماکانی راستگۆیی، متمانە و پیشەییبوون، توانیویەتی ببێتە سەرچاوەی سەرەکیی هەواڵ بۆ هاووڵاتییان و تەنانەت میدیا عەرەبی و جیهانییەکانیش.

شەممە 31ی تشرینی یەکەمی 2026، بەبۆنەی تێپەڕبوونی 11 ساڵ بەسەر دەستپێکی پەخشیی کوردستان24، عەبدوڵڵا وەیسی، سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان، ئاماژەی بە دەستپێکی پەخشی کەناڵەکە لە 31ی ئۆکتۆبەری 2015 کرد و رایگەیاند: "کوردستان24 لە بارودۆخێکی زۆر ناسکدا، لە کاتی شەڕی دژ بە داعش و لە کاتی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی شنگال یەکەم پەخشی خۆی دەستپێکرد؛ لەو کاتەوە تاوەکو ئەمڕۆش توانیویەتی کۆمەڵێک بنەمای سەرەکی بە توندی بپارێزێت، لە سەرووی هەموویانەوە ڕاستگۆیی لە گواستنەوەی رووداوەکان، مەسداقییەت و متمانە، و مامەڵەکردنی پیشەییانە لەگەڵ سەرجەم کێشە و گرفتەکاندا."

عەبدوڵڵا وەیسی جەختی لەوە کردەوە کە ئێستا کوردستان24 بووەتە سەرچاوەی یەکەمی هەواڵ بۆ سەرجەم دانیشتووانی هەرێمی کوردستان و گوتی: جێگەی شانازییە کە زۆرجار هەواڵ و بەرهەمەکانی کوردستان24 سنووری هەرێمی کوردستانیان بڕیوە و بوونەتە سەرچاوەی باوەڕپێکراو بۆ میدیا عەرەبی و بیانییەکان؛ ئەمەش دەیسەلمێنێت کە راگەیاندنی کوردی توانیویەتی لە قۆناخە سەختەکاندا بە شێوازێکی تەواو پیشەییانە جێگەی متمانەی خۆی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بسەلمێنێت.

سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی پیرۆزبایی لە بەڕێوەبەرایەتی و تەواوی ستافی کەناڵەکە کرد و دەستخۆشی لێکردن بۆ ئەوەی کە وەک چەترێک توانیویانە سەرجەم بینەران لە نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان لە دەوری پەیامە نیشتمانی و مرۆییەکەیان کۆبکەنەوە.