هەولێر؛ بەردی سیرامیک لە شەقامەکاندا دادەنرێت
بۆ رێکخستنی زیاتری هاتوچۆ و ناچارکردنی شۆفێران بە پابەندبوون بە سایدی خۆیان، بەڕێوەبەڕایەتیی هاتوچۆی هەولێر وەک قۆناخێکی تاقیکاری دەستیکردووە بە دانانی بەردی سیرامیک لە یەکێک لە شەقامەکانی شارەکەدا، ئەمەش بە ئامانجی کەمکردنەوەی قەرەباڵخی و جوانکاریی شەقامەکان.
لەچوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ رێکخستنی هاتوچۆ و کەمکردنەوەی جەنجاڵی، لەمەودوا شۆفێران لە شەقامەکانی هەولێر ناچار دەکرێن لە سایدی خۆیان شۆفێری بکەن و نەچنە سایدی تەنیشتیانەوە.
لەوبارەیەوە، عەقید هێمن ئەمین، گوتەبێژی بەڕێوەبەڕایەتی هاتوچۆی هەولێر، بە کوردستان24ـی راگەیاند: "وەک قۆناخی تاقیکاری و جوانکاری بۆ شەقامەکان، بەردی سیرامیک لە یەکێک لە شەقامەکانی هەولێر دانراوە."
گوتەبێژی هاتوچۆی هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم بەردە جیا لەوەی جوانییەکی زۆر بە شەقامەکان دەبەخشێت، هاوکات شۆفێر ناچار دەکات لە سایدی خۆی بمێنێتەوە و نەچێتە سایدی تەنیشتی، بەمەش رێگری لە دروستبوونی قەرەباڵخی و جەنجاڵی لە شەقامەکاندا دەکرێت.
سەبارەت بە وردەکاریی پرۆژەکە، عەقید هێمن ئەمین روونی کردەوە: بەردی سیرامیک وەک تاقیکاری تەنیا لە شەقامێکی هەولێر دانراوە، بۆ ئەوەی بزانرێت تا چەند لەگەڵ کەشوهەوای هەرێمی کوردستان گونجاوە، و لە ئەگەری سەرکەوتنی پرۆژەکەدا دواتر پرۆسەکە فراوانتر دەکرێت و بۆ شەقامەکانی دیکەش دەگوازرێتەوە.
هەروەها ئاشکراشی کرد، بەردەکە فسفۆڕ نییە و پێویستە لەو شەقامانە دابندرێت کە رۆشناییان (رووناکییان) هەیە و تاریک نیین. لە کۆتاییشدا جەختی لەوە کردەوە کە تەواوی پرۆسەی دانانی بەردی سیرامیک لە شەقامەکان بە دەستی کاری ناوخۆ ئەنجام دەدرێت و هیچ کۆمپانیایەکی بیانی لە کارەکەدا بەشدار نییە.