سێنتکۆم: بەهۆی هێرشەکانی ئێرانەوە زیاتر لە 20 دەریاوان کوژراون
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) ئێران تۆمەتبار دەکات بە هێرشکردنە سەر دامەزراوەکان، ناوچە نیشتەجێبوونەکان و شوێنە مەدەنییەکان لە وڵاتانی دراوسێ. هەروا رایگەیاند، ئێران بە ئەنقەست هێرش دەکاتە سەر دەریاوانانی مەدەنی لە دەریا، کە بەو هۆیەوە لە ماوەی مانگەکانی رابردوودا زیاتر لە 20 کەس کوژراون.
سێنتکۆم لە پۆستێکدا لە سەکۆی ئێکس رایگەیاند، ئەو لێدوانانەی وەزیری دەرەوەی ئێران کە تێیدا رەتی کردووەتەوە وڵاتەکەی مەدەنییەکانی لە وڵاتانی دراوسێ ئامانج گرتبێت، نادروستن. فەرماندەیییەکە جەختیشی کردەوە، هێرشەکانی ئێران تەنیا ژێرخانی ئابووری و دامەزراوە مەدەنییەکانی نەگرتووەتەوە، بەڵکو کارمەندانی کەرتی دەریاوانیشی کردووەتە ئامانج.
ئەم تۆمەتانەی سێنتکۆم لە کاتێکدایە پێکدادانی دەریایی نێوان واشنتن و تاران پەرەی سەندووە. ئەم دۆخە هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامیی سنووردارکردنی جموجۆڵی کەشتییەکان لە بەندەرەکانی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە، هەروەها هەوڵەکانی تاران بۆ سەپاندنی مەرجەکانی بەسەر تێپەڕبوون لە گەرووی هورمز.
هێزەکانی ئەمریکا 11ی تشرینی یەکەم رایانگەیاند، کەشتیی بارهەڵگری ئۆشن مۆلیکایان کە ئاڵای پەنەمای هەڵگرتووە پەکخستووە. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە هات، بە گوتەی ئەوان تاقمەکەی گوێیان بە هۆشدارییە دووبارەکان نەداوە و هەوڵیان داوە گەمارۆی دەریایی سەر بەندەرەکانی ئێران ببەزێنن.
سێنتکۆم روونیکردەوە، فڕۆکەیەکی جەنگیی ئەمریکی بە تەقەمەنیی ورد بەشی پشتەوەی کەشتییەکەی ئامانج گرتووە. ئەو هێرشە بووەتە هۆی لەکارکەوتنی سیستەمی بزوێنەری کەشتییەکە، بەبێ ئەوەی هیچ بریندارێک لە نێو ئەندامانی تاقمەکەدا هەبێت.
پێشتر فەرماندەیی ناوەندیی تێکشکاندنی کەشتییەکی ئێرانیی پەیوەست بە سوپای پاسدارانی لە کەنداوی عومان راگەیاند. بەگوێرەی زانیارییەکانی سێنتکۆم، کەشتییەکە خەریکی چاودێریکردن بووە و کەشتییەکانی هێزی دەریایی ئەمریکای ئامانج گرتووە. هەروەها روونیکردەوە، ئەندامانی تاقمەکەی پێش تێکشکاندنەکە لە 6ی تشرینی یەکەم گواستراونەتەوە.
لە بەرامبەردا، سوپای پاسدارانی ئێران دوێنێ یەکشەممە رایگەیاند، دوو تانکەری نەوت بەهۆی بەرکەوتنیان بە مینە دەریاییەکان تەقیونەتەوە. رووداوەکە کاتێک روویداوە کە کەشتییەکان بەو رێڕەوەدا تێپەڕیون کە تاران بە رێڕەوێکی مۆڵەتپێنەدراو لە گەرووی هورمز ناوی دەبات.