محەمەد تەمیم: سبەی ئەمریکا 500 ملیۆن دۆلاری کاش بۆ عێراق دەنێرێت

جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئابووری رایگەیاند: بەهۆی بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و واشنتن و بڕیاری حکوومەتی ئەمریکا بۆ ناردنی سێ ملیار دۆلاری کاش لە ماوەی دوو مانگدا، بەهای دۆلار لە بازاڕدا بە شێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت و هاوشێوەی وڵاتانی ناوچەکە دەگاتە ئاستی نرخی فەرمی.

یەکشەممە، 1ـی تشرینی دووەمی 2026، محەمەد تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئابووری لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا، سەبارەت بە دۆخی ئابووری و بازاڕی دراو، دڵنیایی دایە هاووڵاتییان و ناوەندە ئابوورییەکان کە بەهای دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە دیناری عێراقی لە بازاڕدا بە مسۆگەریی دادەبەزێت و دەگاتە ئاستێک کە زۆر نزیک بێت لە نرخی فەرمیی دەوڵەت، یاخود تەواو یەکسان بێت پێی.

تەمیم بەوپەڕی متمانەوە ڕایگەیاند: بە دڵنیایییەوە نرخی دۆلار لە بازاڕ دادەبەزێت و زۆر نزیک دەبێتەوە لە نرخی فەرمی، منیش تەواو بەرپرسیارم لەم قسەیەم. ئاماژەی بەوە کرد، ئەم دەستکەوتە ئابوورییە دەگەڕێتەوە بۆ پەیوەندییە جیاواز و پتەوەکانی حکوومەتی عێراق لەگەڵ ئەمریکا، کە پایەی سەرەکیی ئەو پەیوەندییە بریتییە لە متمانەی هاوبەشی نێوان هەردوولا.

لە روونکردنەوەی وردەکارییە دارایییەکاندا، جێگری سەرۆکوەزیران جیاوازیی دۆخی ئێستا و رابردووی خستەڕوو و ئاشکرای کرد: لە ساڵانی پێشوودا کۆی گشتیی دابینکردنی دۆلاری کاش بۆ عێراق لە کەمتر لە سێ ملیار دۆلار لە ساڵێکدا قەتیس مابووەوە، لە کاتێکدا ئێستا و لە سایەی لێکتێگەیشتنە نوێیەکان، حکوومەتی ئەمریکا بڕیاری داوە تەنیا لە ماوەی ئەم دوو مانگەدا بڕی سێ ملیار دۆلاری کاش رەوانەی عێراق بکات.

سەبارەت بە شێوازی گەیشتنی پارەکان، تەمیم ئاماژەی بەوە کرد، کە یەکەمین کاروانی دۆلاری کاش رۆژی پێنجشەممەی رابردوو گەیشبووە بەغدا و، بڕیارە سبەی دووشەممە 2ـی تشرینی دووەمی 2026 تشرینی دووەم کاروانێکی دیکە بگات، بە شێوەیەک کە قەبارەی هەر کاروانێک لە 500 ملیۆن دۆلار زیاتر دەبێت.

جێگری سەرۆکوەزیران دووپاتی کردەوە کە تەواوی ئەو ڕێکار و هەنگاوانەی لەلایەن حکوومەتی فیدراڵ و بانکی ناوەندیی عێراقەوە گیراونەتەبەر، هاوشان لەگەڵ ئەو بڕە زۆرەی دۆلار کە دەخرێتە ناو بازاڕەوە، دەبنە هۆی شکاندنی نرخی دۆلار و نەهێشتنی جیاوازیی نێوان نرخی بازاڕ و نرخی فەرمی، بە جۆرێک کە هاوشێوەی وڵاتانی دراوسێ، عێراقیش سەقامگیرییەکی تەواو لە نرخی ئاڵوگۆڕی دراودا بەخۆیەوە ببینێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، سێشەممە، 27ـی تشرینی یەکەمی 2026، مەحموود داغر، گوتەبێژی بانکی ناوەندیی عێراق تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاندبوو: پێشتر بە دوو قۆناخ دۆلاری کاش لە لایەن بانکی فیدراڵیی ئەمەریکاوە بۆ بانکی ناوەندی رەوانە کراوە و ئێستاش دۆلاری کاش لە بەردەست بانکی ناوەندیی عێراقدا هەیە.

گوتەبێژی بانکی ناوەندی باسی لەوە کردبوو، "بڕیارە لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا بڕی ملیارێک دۆلاری کاش بە دوو قۆناخ و لە رێگەی دوو فڕۆکەی تایبەتەوە بگاتە دەستمان".

بە پێی زانیارییەکان، دانوستانەکانی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ لایەنی ئەمریکی بەردەوامییان هەیە، بە مەبەستی رێککەوتن لەسەر زیادکردنی بەرچاوی قەبارەی ناردنی دۆلاری کاش بۆ وڵاتەکە.

لە قۆناخی یەکەمدا، مانگانە بڕی یەک ملیار دۆلار بە بەردەوامی رەوانەی عێراق دەکرێت؛ لە کاتێکدا هەوڵە دیپلۆماسی و دارایییەکانی حکوومەت چڕکراونەتەوە تاوەکو ئەو قەبارەیە بۆ دوو ملیار و 500 ملیۆن دۆلاری مانگانە بەرز بکرێتەوە، بە ئامانجی ئەوەی جیاوازی نرخی دۆلار و دینار لە بازاردا نەمێنێت.