واژۆ لەسەر خەرجکردنی مووچە کرا
وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی دەرکرد، لە ئێستاشدا ئامادەکاری دەکرێت بۆ ئەوەی بڕە پارەکە بخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ دووشەممە، 2ـی تشرینی دووەمی 2026، دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، رایگەیاند، فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق، واژۆی لەسەر خەرجکردنی مووچەی مانگی تشرینی یەکەم (10)ـی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کرد.
لەبارەی بڕی ئەو پارەیەی بۆ مووچە تەرخان کراوە، دیلان بارزان باسی لەوە کرد، پێشبینی دەکرێت بڕی پارەی پێویست بۆ مووچەی مانگی تشرینی یەکەم لە نێوان 839 تاوەکو 840 ملیار دینار بێت.
پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوە دا، نووسراوی خەرجکردنی مووچەکە راستەوخۆ ئاراستەی بەشی ژمێریاری کراوە؛ چەند رێکارێکی کارگێڕیی کەم ماون، پاش تەواوبوونیان راستەوخۆ پارەکە دەخرێتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی چوارشەممە، 21ـی تشرینی یەکەمی 2026، لیستی مووچەی مانگی تشرینی یەکەم و راپۆرتی تەرازوی پێداچوونەوەی مانگی ئەیلوول رەوانەی بەغداد کرا .
ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە لایەن بەغداوە، بەشێکە لەو رێککەوتنانەی لە نێوان هەردوو حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا کراون.
وەزارەتی دارایی عێراق مانگانە دوای وەرگرتن و وردبینیکردن لە لیستی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، بڕە پارەی پێویست لەرێگەی بانکی ناوەندییەوە رەوانە دەکات.