دابەشکردنی نەوت و کانزانی سۆران: ناوچەکە زستانی زۆر سەخت بەڕێدەکات

وەزارەتی نەوتی عێراق دەستی بە رێکارەکانی ناردنی 50 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان کردووە، هاوکات وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئاشکرای دەکات کە ئەو بڕە تەنیا بەشی 18٪ـی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان دەکات، لە کاتێکدا ناوچە شاخاوییەکان بەدەست کەشوهەوای سارد و وەرزی زستانەوە دەناڵێنن.

 لەگەڵ دابەزینی پلەکانی گەرما و هاتنی وەرزی سەرما، ئەمڕۆ دووشەممە، 2ـی تشرینی دووەمی 2026، ئەمیر شانەدەری، بەڕێوەبەری دابەشکردنی نەوت و کانزاکانی سۆران بە کوردستان24ـی راگەیاند "ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەهۆی پێگە جوگرافییەکەیەوە خاوەنی زستانێکی زۆر سەخت و ساردە، بۆیە دروستکردنی هەر کێشەیەک لە پرۆسەی دابەشکردنی نەوت راستەوخۆ زیان بە ژیانی

هاووڵاتییان دەگەیەنێت."

هاوکات، داوای لە حکوومەتی عێراق کرد بە زووترین کات بەشە نەوتەکە رەوانە بکات و گوتی " کەشوهەوای ناوچەکە بە تەواوی گۆڕاوە و زستان رووی تێکردووە؛ لە سنووری سۆران هەر هاووڵاتییەک ئەگەر خانوویەکی 100 مەتریشی هەبێت، بۆ دەربازبوون لە سەرمای زستان ساڵانە پێویستی بە چوار بۆ پێنج بەرمیل نەوت هەیە."

ساڵانە لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی زستان و سەرما لە عێراق و بەتایبەتی لە ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستان، خواست لەسەر نەوتی سپی بۆ گەرمکردنەوە بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز دەبێتەوە و هاووڵاتییان چاوەڕوانی گەیشتنی بەشە نەوتی پاڵپشتیکراون.

لەلای خۆیەوە، سەلیم روکابی، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، رێکارەکانی ئامادەکردن و ناردنی 50 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان لە کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان دەستیپێکردووە و لەگەڵ تەواوبوونی ئەو رێکارانە راستەوخۆ نەوتەکە رەوانە دەکرێت.

لەم چوارچێوەیەدا، باسم محەممەد خوزەیر لە وەزارەتی نەوتی عێراق، لەراگەیەندراوێکدا فەرمانی بە کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان کردووە، تاوەکو پەلە لە گرتنەبەری رێکارەکان بۆ ئامادەکردن و ناردنی پشکی نەوتی هەرێمی کوردستان بکەن.

لە بەرامبەردا، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، ئەو بڕە نەوتەی کە بڕیارە لە بەغداوە بنێردرێت، ئەگەر بۆ هەر خێزانێک بڕی یەک بەرمیل (200 لیتر) دابەش بکرێت، ئەوا تەنیا بەشی 18٪ـی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان دەکات. ئەو نەوتەش بە نرخی پاڵپشتیکراوی حکوومی و بە نرخی 250 دینار بۆ هەر لیترێک بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش دەکرێت.