دۆناڵد ترەمپ: لەوانەیە لە قۆناخێکدا ناچاربین بە رێگەی سەربازی کۆتایی بە پرسی ئێران بهێنین
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند، بۆ رێگریکردن لە دەستکەوتنی چەکی ئەتۆمی لە لایەن تارانەوە، پێویست ناکات گۆڕانکاری لە سیستەمی سیاسیی ئێراندا بکرێت؛ هاوکات هۆشداری دا لەوەی سەرەڕای خواستی تاران بۆ گفتوگۆ، لەوانەیە واشنتن لە قۆناغێکدا ناچار بێت بە بژاردەی سەربازی کۆتایی بەو پرسە بهێنێت.
دووشەممە 2ـی تشرینی دووەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکدا سەرنجی خستە سەر ئاڵۆزییەکانی نێوان واشنتن و تاران و ئاستەنگەکانی بەردەم گەیشتن بە چارەسەری دیپلۆماسی و رایگەیاند، کێشەی سەرەکیی ئەمریکا دیاریکردنی ئەو لایەنە باوەڕپێکراوەیە لە نێو ئێراندا کە دەکرێت گفتوگۆی راستەقینەی لەگەڵدا بکرێت.
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، تاوەکو ئێستا هێرشێکی سەربازیی یەکلاکەرەوە لە ئێران نەدراوە لەبەر ئەوەی ئەو وڵاتە خۆی خوازیاری ئەنجامدانی گفتوگۆ و دانوستانە لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە کە ئێرانییەکان بەردەوامن لە قسەکردن دەربارەی دیالۆگ، بەڵام هاوکات هۆشداریی دا کە ئەم دۆخە تا سەر بەم شێوەیە نامێنێتەوە و گوتی:"لەوانەیە لە قۆناخێکی دیاریکراودا ئەمریکا ناچار بێت پەنا بۆ هێزی سەربازی ببات بۆ ئەوەی بە یەکجاری کۆتایی بە کێشەی ئەتۆمیی ئێران بهێنێت."
لە تەوەرێکی دیکەی قسەکانیدا، ترەمپ باسی لە دۆخی ناوخۆیی ئێران کرد و رایگەیاند تاران ئێستا بە تەواوی دەیەوێت بگاتە رێککەوتن، و لایەنی ئەمریکیش چاوەڕوانی ئەوە دەکات بزانێت ئایا گەیشتن بە رێککەوتنێکی وەها دەکرێت یان نا.
سەرۆکی ئەمریکا تیشکی خستە سەر قووڵیی قەیرانی ئابووریی ئێران و رایگەیاند، تاران لە ژێر گوشارێکی ئێجگار سەختی داراییدایە و بە دەست قەیرانێکی گەورەوە دەناڵێنێت، بە جۆرێک کە دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە چیتر توانای دابینکردنی مووچەی هێزە چەکدار و سەربازییەکانی خۆیانیان نەماوە.