پارتی: دژی گرانبوونی نرخی ئەمپێرەکانی کارەبای موەلیدەین لە کەرکووک
مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک و گەرمیان - خانەقینی پارتی دیموکراتی کوردستان پاڵپشتیی تەواوی خۆی بۆ داواکاریی هاووڵاتییان دژی گرانبوونی نرخی ئەمپێری مۆلیدە دەربڕی؛ پارتی داوای کرد حکوومەت بڕیارێکی دادپەروەرانە بۆ کەمکردنەوەی نرخەکە دەربکات و سووتەمەنیی پاڵپشتیکراو بۆ خاوەن مۆلیدەکان دابین بکات، هاوکات داوای لە دەزگا ئەمنییەکانیش کرد لە توندوتیژی بەرامبەر خۆپیشاندەران بەدوور بن.
دووشەممە 2ـی تشرینی دووەمی 2026، مەکتەبی رێکخستنی پارێزگای کەرکووک و گەرمیان-خانەقینی پارتی دیموکراتی کوردستان راگەیەندراوێکی ئاراستەی جەماوەری شاری کەرکووک کردووە و تێیدا ئاماژەی داوە، ماوەیەکە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی ئەمپێری کارەبای مۆلیدە پاڵەپەستۆی دارایی کەوتووەتە سەر بژێوی هاووڵاتییان لە شاری کەرکووک و دەوروبەری؛ ئێمە پاڵپشتی تەواوی خۆمان بۆ داواکاری رەوای هاووڵاتییان دەردەبڕین ،دژی گرانبوونی ئەو نرخەین کە بارگرانییەکی زۆری بۆ سەر بژێوی خەڵکی کاسبکار و کەمدەرامەت دروست کردووە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە هەمان کاتدا، بۆ پاراستنی مافی خاوەن مۆلیدەکانیش وەک چینێکی کاسبکاری ئەم شارە، داوا لە لایەنە بەرپرسەکان دەکەین کارئاسانی پێویستیان بۆ بکەن و مافی ئەوانیش نەفەوتێت، بەتایبەت لە دابینکردنی سووتەمەنی بە نرخێکی پاڵپشتیکراو، بۆ ئەوەی ئەوانیش بتوانن بەبێ زەرەر کارەبا بە هاووڵاتییان بدەن.
مەکتەبی رێکخستنی پارێزگای کەرکووک و گەرمیان-خانەقینی پارتی داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات بڕیارێکی هاوسەنگ و دادپەروەرانە بدەن کە تێیدا هەم نرخی ئەمپێر بۆ هاووڵاتییان کەم بکرێتەوە و هەم پشتیوانی دابینکردنی سووتەمەنی بکەن بۆ خاوەن مۆلیدەکان بکەن بەمەبەستی بەردەوامبوونی خزمەتگوزارییەکانیان.
دەشڵێت: پارتی دیموکراتی کوردستان هەمیشە داکۆکیکاری ڕاستەقینەی ماف و هاوسەنگی ژیانی سەرجەم پێکهاتە و چین و توێژەکانی کەرکووک دەبێت و لەڕۆژانی رابردوودا لەڕێگەی فراکسیۆنمان لەناو ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە رژدی لەسەر ئەم بابەتە کارمان بۆ دابینکردنی پشتیوانی بۆ هاووڵاتییانمان کردووە.
هەروەها داوا لە دام و دەزگا ئەمنییەکان و پەیوەندیدارەکان دەکات بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ داوای رەوای هاووڵاتییان بکەن و خۆیان بەدووربگرن لە توندوتیژی، چونکە حکوومەتی عێراق دەبێت وەڵامدەرەوەی داواکاری و دابینکردنی خزمەتگوزاری هاووڵاتیتان بێت، وە لەوڕووەوە هەر داواکارییەکی هاووڵاتییان مافی خۆیانە و دەبێت رێزی لێبگیرێ.
خۆپێشاندانی هاووڵاتییان لە شاری کەرکووک دژی بەرزبوونەوەی نرخی کارەبای مۆلیدە ئەهلییەکان درەنگانی دوێنێ شەو دەستیپێکرد و ئەمڕۆش بەردەوامە و لە چەند شوێنێک گرژی و ئاڵۆزی لێکەوتەوە، هاوکات خۆپێشاندەران بە سووتاندنی تایە شەقامەکانیان داخستووە و هۆشداری دەدەن تا داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێت لەسەر شەقامەکان دەمێننەوە.