ستراتیژی چاکسازی لە پۆلیسی کوردستان دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە
حکوومەتی هەرێمی کوردستان پرۆسەیەکی فراوان و درێژخایەنی بۆ چاکسازی لە پۆلیسی کوردستان راگەیاند، لە چوارچێوەی ستراتیژێکی پێنج ساڵەدا (2026–2030) بە ئامانجی بەرزکردنەوەی توانای پیشەیی و خزمەتگوزارییەکانی پۆلیس و بەهێزکردنی متمانەی نێوان هاووڵاتییان و پۆلیس جێبەجێ دەکرێت.
پرۆسەی چاکسازیی پۆلیسی کوردستان پرۆسەیەکی درێژخایەنی نوێکردنەوەی دامەزراوەییە و ئامانج لێی بونیاتنانی پۆلیسێکی نوێ، پیشەیی، بەرپرسیار و شایستەیە کە لەسەر بنەمای یاسا و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ کار بکات. چاکسازییەکە تەنیا گۆڕینی پێکهاتە و باڵەخانە نییە، بەڵکو شێوازی بەڕێوەبردن، رەفتاری پیشەیی، پەرەپێدانی سەرچاوە مرۆییەکان، بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا و بەرزکردنەوەی کوالێتیی خزمەتکردنی هاووڵاتییان لەخۆدەگرێت.
لە قۆناخی ئێستای پرۆسەکەدا و وەک یەکەمین هەنگاوی مەیدانی، چوار بنکەی پۆلیس لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان وەک "بنکەی نموونەیی" دیاریکراون، کە بریتین لە:
- هەولێر: بنکەی پۆلیسی کەسنەزان.
- سلێمانی: بنکەی پۆلیسی سەیوان.
- دهۆک: بنکەی پۆلیسی نزارکێ.
- هەڵەبجە: بنکەی پۆلیسی ناوەندی هەڵەبجە.
ئەم بنکانە وەک ژینگەی تاقیکردنەوەی چاکسازییەکان دیاریکراون؛ فەرماندەکانیان بەپێی شایستەیی و ئەزموون هەڵبژێردراون و پرۆگرامی نوێی راهێنان، رێکاری کارکردن و پێوەرە نوێیەکانی خزمەتگوزارییان تێدا پیادە دەکرێت. دوای هەڵسەنگاندنی ئەنجامەکانیان لەسەر بنەمای داتا و بەڵگە، مۆدێلە سەرکەوتووەکان بۆ تەواوی بنکەکانی دیکەی پۆلیسی کوردستان دەگوازرێنەوە.
بەپێی راگەیەندراوەکە، بنەمای چاکسازی لە پەیوەندیی نێوان پۆلیس و هاووڵاتی لەسەر سێ چەمکی سەرەکی داڕێژراوە:
- هێز: بەکارهێنانی دەسەڵات، توانای مرۆیی و ئامادەیی بەپێی یاسا بۆ پاراستنی گیان و ماڵی هاووڵاتییان و رووبەڕووبوونەوەی تاوان.
- ڕێز: مامەڵەی دادپەروەرانە و پیشەییانە، پاراستنی کەرامەت، ماف و نهێنییەکانی هاووڵاتییان.
- متمانە: بەرهەمی یەکگرتنی دەسەڵاتی یاسایی و مامەڵەی رێزدارانەیە، کە وا دەکات
هاووڵاتی پۆلیس وەک دامەزراوەیەکی دادپەروەر، بەرپرسیار و خزمەتگوزار ببینێت.
لە دەرئەنجامی ئەم پرۆسەیەدا، هاووڵاتییان لە چەندین لایەنەوە هەست بە گۆڕانکاری دەکەن؛ لەوانە:
- ئاسانکاریی زیاتر لە دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییەکانی پۆلیس.
- پێشوازی و مامەڵەیەکی پیشەییانە و دادپەروەرانەتر.
- وەڵامدانەوەی خێراتر، پاراستنی نهێنی و مافەکانی تاک.
- رەخساندنی دەرفەت بۆ گەیاندنی سکاڵا، فیدباک و هەڵسەنگاندن لەلایەن هاووڵاتییانەوە.
- گۆڕینی کولتووری پۆلیس بۆ دامەزراوەیەکی خزمەتگوزار و نزیکتر لە پێداویستییەکانی کۆمەڵگە.
چوارچێوەی ستراتیژیی ئەم پرۆسەیە بۆ ساڵانی 2026–2030 داڕێژراوە و 27 ئامانجی
ستراتیژی لە بوارەکانی چاکسازیی کارگێڕی، پەرەپێدانی سەرکردایەتی، گۆڕانی دیجیتاڵی و هەماهەنگیی دامەزراوەیی لەخۆدەگرێت.
وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان خاوەندارێتی و سەرپەرشتیی تەواوی جێبەجێکردنی پرۆسەکە دەکات، هاوکات شاندی راوێژکاریی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق (EUAM Iraq) و بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان (UNDP) لە بوارەکانی راوێژکاری، تەکنیکی و پەرەپێدانی تواناکان پاڵپشتی لە پرۆسەکە دەکەن، لە کاتێکدا بڕیار، خاوەندارێتی و بەرپرسیارییەتیی جێبەجێکردن لە ئەستۆی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە.