سلێمانی.. شانۆگەریی 'تکایە کەمێک کەمتر بدزن' نمایشکرا

شانۆگەریی "تکایە کەمێک کەمتر بدزن"، نووسینی نووسەری ناسراوی ئیتاڵی دایۆ فۆ و وەرگێڕانی مەریوان هەڵەبجەیی و دەرهێنانی زەریا سامییە و کۆمەڵێک ئەکتەر رۆڵی تێدا دەگێڕن، ئەمڕۆ دووشەممە، 2ی تشرینی دووەمی 2026، لە هۆڵی ئامادەیی سلێمانی کوڕان نمایشکرا و چەند رۆژێک بەردەوام دەبێت.

دووشەممە، 2ی تشرینی دووەمی 2026، زەریا سامی، دەرهێنەری نمایشەکە بە کوردستان24ی راگەیاند، "ئەم شانۆییە لە رێگەی چیرۆکێکی پڕ لە رووداو و دۆخی سەیر و پێکەنیناوییەوە، جیهانێک دەخاتە بەردەم بینەر کە تێیدا سنووری نێوان راستی و ناپاکی، دادپەروەری و بەرژەوەندیی کەسی، هەروەها عەقڵ و بێ‌ عەقڵی، بە شێوەیەکی جیاواز دەردەکەون."

زەریا سامی سەبارەت بە چیڕۆکی نمایشەکە گوتی، "چیرۆکی نمایشەکە لە سێ شوێنی جیاوازدا روودەدات؛ کۆگایەک بۆ هەڵگرتنی تابووت، نوسینگەی کۆمپانیایەک و شوێنێکی تایبەت بە کۆمەڵێک نەخۆشی دەروونی. هەر یەک لەم شوێنانە رووداو و بارودۆخی تایبەتی خۆی هەیە، بەڵام ئەو رووداوانە لە رێگەی پەیوەندیی نێوان کارەکتەرەکانەوە بە یەکەوە گرێدراون و بەردەوام چیرۆکەکە بەرەو ئاراستەیەکی نوێ دەبەن."

ئەو دەرهێنەرە باسی لەوەش کرد، "من لە رێگەی بەستنەوەی ئەم سێ جێگەیە بە یەکەوە هەوڵ دەدەم چیرۆکێکی یەکگرتوو دروست بکەم؛ چیرۆکێک لە دەرەوەدا بە دۆخە کۆمیدییەکان و رووداوە سەیرەکانی سەرنجی بینەر رادەکێشێت، بەڵام لە ناوەڕۆکدا دەرفەت بۆ بیرکردنەوە لە چەندین دیاردە و کێشەی مرۆیی و کۆمەڵایەتی دەڕەخسێنێت."

سەبارەت بە گرنگیی نووسینی ئەو دەقە شانۆییە لەلایەن دایۆ فۆ، زەریا سامی دەڵێت، "دایۆ فۆ، نووسەری ئەم دەقە شانۆییە، بە شێوازی تایبەتی خۆی لە تێکەڵکردنی کۆمیدیا و رەخنەی کۆمەڵایەتی، هەوڵ دەدات لە رێگەی پێکەنینەوە رەخنە لە پەیوەندییە نادادپەروەرانەکان بگرێت. لەبەر ئەوە، ناونیشانی نمایشەکەش، "تکایە کەمێک کەمتر بدزن"، لە خۆیدا جۆرێک لە گاڵتەجاڕی و رەخنەی توند هەڵدەگرێت؛ وەک ئەوەی دزی و ناپاکی لە جیاتی ئەوەی رەت بکرێنەوە، تەنیا داوا لە ئەنجامدەرییان بکرێت کەمێک کەمتر بیکەن."

ئەو شانۆگەرییە کۆمەڵێک ئەکتەر رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕن وەکو، کەنار سەرچڵ، نەهرۆ مەلا محەمەد، شاد شەوکەت، چێنەر ئەحمەد سالار، میران ئازاد، شادی ئارام، شڤان خدر، هەرسین نامیق، ژووان دارا، کاڵێ سەباح و شاد عەلی، هەروەها دوو هونەرمەندی دیکە، هیوا رەئووف و تۆفیق ساڵح، بەشداریی تایبەتییان لەم بەرهەمەدا هەیە."