ناتانیاهۆ: حکوومەتی داهاتووش هەر خۆم سەرکردایەتی دەکەم
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل جەختی لە پێکهێنانی حکوومەتێکی بەرفراوان لەگەڵ هاوپەیمانە سیاسییەکانی کردەوە، بەو مەرجەی هیچ پارتێک لەو حکوومەتەدا نەبێت پشتیوانی لە تیرۆر دەکەن.
دووشەممە 2ـی تشرینی دووەمی 2026، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند: "خەڵکی ئیسرائیل نایانەوێت لەگەڵ لیستە عەرەبییە یەکگرتووەکان و لیستە هاوبەشەکان حکوومەت پێکبهێنین، چونکە ئەو دوو پارتە پشتیوانی لە تیرۆر دەکەن و دان بە بوونی دەوڵەتی جوودا نانێن".
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل روونیکردەوە، لە یەکەم رۆژەوە دەستیان بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی نیشتمانیی بەرفراوان درێژ کردووە. هاوکات روونیکردەوە زۆرینەیەکی روونی کۆمەڵگەی جوو پارتی لیکیودیان وەک گەورەترین پارت هەڵبژاردووە و ئەویان وەک سەرۆکوەزیران بۆ سەرۆکایەتیکردنی حکوومەتی داهاتوو دەستنیشان کردووە.
ناتانیاهۆ لەبارەی سەرۆکایەتیکردنی حکوومەتی داهاتوو جەختیکردەوە: "هەر حکوومەتێکتان دەتانەوێت من بەشێک دەبم لێی، و سەرۆکایەتی دەکەم".
هاوکات میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، دەستنیشانکردنی گادی ئایزینکۆت، سەرۆک ئەرکانی پێشووی سوپا و سەرۆکی پارتی یەشار بۆ پێکهێنانی حکوومەت نزیکە لە مسۆگەربوون. ئەمەش دوای ئەوەی دووشەممە، ئەفیگدۆر لیبەرمان، سەرۆکی پارتی ئیسرائیل بیتێنو رایگەیاند، پێشنیاز بۆ ئیسحاق هێرتزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل دەکات کە ئەرکی پێکهێنانی حکوومەت بسپێرێتە ئایزینکۆت.
پارتی لیبەرمان لە کۆی 120 کورسی پەرلەمانی ئیسرائیل (کنێسێت) هەفتەی رابردوو کێبڕکێیان لەسەر کرا، تەنیا 7 کورسی بەدەستهێناوە. هاوپەیمانی راستڕەو بە سەرۆکایەتی ناتانیاهۆ هەوڵیدا لیبەرمان رازی بکات، بەتایبەت لەبەر ئەوەی رەخنەی لە ئایزینکۆت دەگرت، تا پشتگیرییەکەی لە بەرەی ئۆپۆزیسیۆن 48 کورسییان هەیە، بگۆڕێت بۆ هاوپەیمانی دەسەڵاتدار.