ترەمپ: ئێران داوای کردووە سەرکردەکانیان نەکوژین

جەی دی ڤانس: گفتوگۆی زۆر باشمان لەگەڵ ئێرانییەکان هەبووە و گەشبینین بە رێککەوتن

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە گوتارێکی مەیدانی رایگەیاند، واشنتن لە جەنگی دژ بە ئێراندا سەرکەوتووە و گەرووی هورمزی کۆنترۆڵ کردووە؛ هاوکات ئاشکرای کرد کە تاران بە تەواوی پەرۆشی رێککەوتنە و داوای لە ئەمریکا کردووە بە ئامانجگرتنی سەرکردەکانیان رابگرێت. ترەمپ لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی ئەکسیۆس جەختی کردەوە، پەلەی لە بڕیاردان نییە.

دووشەممە 2ـی تشرینی دووەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە گوتارێکدا لە واشنتن، باسی لە دۆخی ململانێکان لەگەڵ ئێران و بازاڕی وزەی جیهانی کرد و رایگەیاند، ئەوەی ئێستا لەگەڵ ئێران روودەدات چیتر ناوی جەنگ نییە و گوتی: ئێمە لەگەڵ ئێران لە جەنگدا بووین و بردمانەوە؛ ئێستا چەند مانگێکە هیچ پێکدادانێکی ئەوتۆ لە ئارادا نییە. هێزی ئاسمانی و سەربازیی ئەوانمان لەناوبرد و تەنانەت سەرکردەکانیشیانمان پێکا.

سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوە کرد، ئێستا ئێمە بە تەواوی گەرووی هورمز کۆنترۆڵ دەکەین. ئێرانییەکان لێمان پاڕانەوە و گوتیان: 'تکایە چیتر سەرکردەکانمان مەکوژن'، ئێمەش دەوەستین. لەبەر ئەوەی رێککەوتنەکە بەرەو پێش دەچێت و خەڵک زانیویانە، نرخی نەوت بە شێوەیەکی کتوپڕ 10 دۆلار دابەزی، کە ئەمە گەورەترین دابەزینی مێژوویی نەوتە لە یەک رۆژدا.

هاوکات لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی ئەکسیۆس دووپاتی کردەوە کە پێش هەڵبژاردنەکانی نیوەی خول پەلەی لە دەستپێکردنەوەی هێرشەکان نییە و گوتی: "ئێمە ئابووریی ئەوانمان ئیفلیج کردووە؛ نە نەوتیان پێ ماوە، نە بەنزین، و گەلەکەیان بە تەواوی ماندوو بووە. ئەوان لە هەموو کات زیاتر خوازیاری رێککەوتنن، بەڵام کێشەیان ئەوەیە کات دەکوژن."

لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەنووسان لە بنکەی ئاسمانیی ئاندرۆس دوای گەڕانەوەی لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان، جەی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە کاتژمێرێک پێش لێدوانەکەی، لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لەسەر پرسی دانوستانەکان قسەی کردووە و گوتی: "ژمارەیەک گفتوگۆی زۆر باشمان لەگەڵ ئێرانییەکان هەبووە. من و ترەمپ هەردووکمان گەشبینین و هەستێکی زۆر باشمان هەیە بەرامبەر بە دەرفەتی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی سیاسی و دانوستانکاری. ئێمە بەردەوام دەبین لە کارکردن لەسەری؛ بێگومان ناتوانرێت پێشبینیی هەنگاوەکانی ئێرانییەکان بکرێت، بەڵام وەک سەرۆکی ئەمریکا هەمیشە دەڵێت، سەرجەم بژاردە سەربازی و نارسەربازییەکان لەبەردەستدا ماونەتەوە. پێشکەوتنی باشمان بەدەستهێناوە و دەبینین ئایا دەتوانین هەنگاوی زیاتر بنێین یاخود نا."

لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێران سەبارەت بەوەی ئایا ئەمریکا هیچ مۆڵەتێکی کۆتایی دیاری کردووە بۆ تاران پێش ئەوەی ترەمپ فەرمانی دەستپێکردنەوەی هێرشەکان بدات، جێگری سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند: "نەخێر، ئێمە هیچ مۆڵەتێکی دیاری نەکردووە. ئەوەی ئێمە گوتوومانە ئەوەیە کە چیمان دەوێت؛ دوای ئەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئەوانمان تێکشکاند، دەمانەوێت دڵنیابینەوە لەوەی دووبارە دروستی ناکەنەوە و هەوڵی بنیاتنانەوەی نادەن؛ ئەمە گرنگترین پرسە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا."

جەی دی ڤانس ئاماژەی بەوە کرد کە واشنتن لە داخوازییەکانی ئێرانیش تێدەگات و رایگەیاند: "ئەوەی تێبینیم کردووە ئەوەیە کە ئەوان زۆر بایەخ بە سەروەریی خاکی خۆیان و بووژانەوەی ئابووریی وڵاتەکەیان دەدەن. ئێمە پێمان وایە ڕێگایەک هەیە بۆ ئەوەی بگەینە لێکتێگەیشتن، بەڵام مەرجی سەرەکی پابەندبوونێکی رژد و پشتڕاستکراوەی تارانە بەوەی کە جارێکی تر بەرنامە ئەتۆمییەکەی دەستپێناکاتەوە."

بەپێی زانیارییەکانی ئەکسیۆس، سەرۆکی ئەمریکا لە نێوان سێ بەرەی جیاوازی بڕیارداندا لەسەر دۆسیەی ئێران راگیراوە:

1. بەرەی رێککەوتن و ئاشتی: بە سەرۆکایەتیی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک و ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری کۆشکی سپی. ئەوان پێیان وایە گەڕانەوە بۆ جەنگ دۆخەکە بەرەو باشتر نابات و زۆربەی وڵاتانی کەنداویش پاڵپشتی لەم بژاردەیە دەکەن.

2. بەرەی جەنگ و گورزی کۆتایی: بە سەرکردایەتیی بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و پیت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا. ئەوان پێداگری دەکەن کە ناکرێت متمانە بە بەڵێنەکانی تاران بکرێت و دەبێت ترەمپ بە هێزی سەربازی بە تەواوی کۆتایی بە کارەکە بهێنێت.

3. بەرەی خنکاندنی ئابووری (نە جەنگ، نە رێککەوتن): بە سەرپەرشتیی سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینە، جۆن راتکلیف، بەڕێوەبەری سی ئای ئەی (CIA) و مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوە. راتکلیف بە ترەمپی راگەیاندووە درێژەدان بە گەمارۆی ئابووری و نەبوونی سووتەمەنی، دەبێتە هۆی ئەوەی هاووڵاتییانی ئێران لە ناوخۆدا راپەڕین بکەن و دەسەڵات ناچار بە تەسلیمبوون بکەن.

لە بەرامبەردا، لایەنی ئێرانی گەشبینیی خۆی بە ئەگەری گەیشتن بە رێککەوتن پێشانداوە. مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند کە موجتەبا خامنەیی، رێبەری باڵا دەسەڵاتی تایبەتی بە حکوومەت داوە تا لە رێگەی دیپلۆماسییەوە بگەنە رێککەوتن.

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێرانیش ئاشکرای کرد کە قەتەر و پاکستان نێوەندگیریی چڕ دەکەن. بەپێی سەرچاوە هەرێمییەکان، نێوەندگیرە قەتەرییەکان رەشنووسی پلانێکی سێ رۆژەیان بۆ هەنگاوی بونیادنانی متمانە پێشکەشی واشنتن و تاران کردووە. عێراقچی هۆشداری دا ئەگەر ئەمریکا مەرجەکانی ئێران بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز قبووڵ بکات دانوستان دەست پێ دەکاتەوە، بە پێچەوانەوە ئەگەر پەنا بۆ فێڵ و هێرشی سەربازی بەرن، رووبەڕووی وەڵامێکی زۆر بەئازارتر دەبنەوە.

لە لایەکی ترەوە، مۆسکۆ و بەیژینگ بە شێوەیەکی کارا هاتوونەتە نێو دۆسیەکەوە؛ رۆژی دووشەممە ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی رووسیا بە تەلەفۆن پەیوەندی بە موحسین رەزایی، سکتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئێران کرد و باسیان لە رێگاکانی رێککەوتن کرد.

رووسیا ئامادەیی نیشانداوە ببێتە بەشێک لە رێککەوتنی ئەتۆمی لە رێگەی وەرگرتنی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران لە خاکی خۆیدا. هاوکات جێگری رەزایش لە بەیژینگ لەگەڵ وانگ یی، وەزیری دەرەوەی چین کۆبووەوە، و پەکینیش داوای لە واشنتن و تاران کرد دەستبەجێ دەست بە دانوستانی راستەوخۆ بکەنەوە.