لە سۆران 27 کەس لەسەر بڕینەوەی دار دەستگیر کران
لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی زستان و دابەزینی پلەکانی گەرما لە ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستان، دیاردەی بڕینەوەی دارە سروشتییەکان بە مەبەستی دابینکردنی سووتەمەنی سەریهەڵداوەتەوە. لەو هەڵمەتە نایاساییانەدا سەدان داری بەتەمەن و بەنرخی سروشتی بڕاونەتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 3ـی تشرینی دووەمی 2026، بەگوێرەی زانیارییەکانی بەکر سلێمان، پەیامنێری کوردستان24 لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بەهۆی ئەوەی ناوچەکە شاخاوییە و لەگەڵ دەستپێکی پایز پلەکانی گەرما روو لە دابەزین دەکەن، هاووڵاتییان رووبەڕووی قەیرانی سووتەمەنی بوونەتەوە. دواکەوتنی دابەشکردنی نەوتی سپی لەلایەن حکوومەتی عێراق و بەرزیی نرخی نەوت لە بازاڕەکاندا، کە نرخی یەک بەرمیل دەگاتە سەرووی 300 هەزار دینار، پاڵنەرێکی سەرەکیی ئەو دیاردەیە بووە.
لە ناوچە شاخاوییەکان، بەشێک لە هاووڵاتییان بەبێ رەچاوکردنی پاراستنی ژینگە دەستیان بە بڕینەوەی دارە تەڕەکان کردووە. لە بەرامبەردا، پۆلیسی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە هەڵمەتێکی مەیدانیدا دەستی بەسەر بەشێکی زۆر لەو دارە بڕاوانەدا گرتووە. ئەو کەسانەشی کە بەو کارە هەستاون، بە بڕیاری دادوەر سزای یاسایی دراون و راگیراون.
پۆلیسی دارستان و ژینگەی سۆران رایگەیاند، لە سەرەتای وەرزی پایزی ئەمساڵەوە تا ئێستا 27 کەس لەسەر بڕینەوەی داری تەڕ دەستگیر کراون و رێکاری یاساییان بەرامبەر گیراوەتە بەر.
پۆلیسی دارستان و ژینگەی سۆران، هۆشداری دەداتە سەرجەم هاووڵاتییان و ئاگاداریان دەکاتەوە کە سزای یاسایی توند چاوەڕێی هەرکەسێک دەکات دەست بۆ بڕینەوەی دارەکان ببات. پۆلیسی ژینگە و دارستان داوا لە هاووڵاتییان دەکات خۆیان بەدوور بگرن لەو کارە و ژینگەی ناوچەکەیان بپارێزن.