هێمن حەمەساڵح 'پایز'ی بڵاوکردەوە

هێمن حەمەساڵح، هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد، نوێترین گۆرانیی خۆی بەناوی "پایز"، بەشێوەی ڤیدیۆ کلیپ بڵاوکردەوە.

سێشەممە، 3ی تشرینی دووەمی 2026، هێمن حەمەساڵح، هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد بە کوردستان24ی راگەیاند، "گۆرانیی "پایز"، لە تێکستی سەروەت تۆفیقە و بوڕهان موفتی ئاوازەکەی بۆ داناوە. موحسین ئەریوانیش کاری  رێکخستن، تێکەڵکردن و ماستەرکردنی بەرهەمەکەی ئەنجام داوە. هەروەها خۆم کاری دەرهێنانم بۆ ڤیدیۆکلیپی بەرهەمەکە کردووە."

هێمن حەمەساڵح باس لە تایبەتمەندیی بڵاوکردنەوەی ئەو گۆرانییە دەکات و دەڵێت، "ئەم بەرهەمە نوێیەم نموونەیەکە لەو کارە موزیکییانەی کە وەرزەکانی ساڵ و سروشت دەبێتە سەرچاوەی دەربڕینی هەست و سۆزی مرۆڤ؛ چونکە پاییز، بە گۆرانی رەنگ و رووخساری سروشتەوە، هەمیشە لە موزیک و شیعری کوردیدا شوێنێکی تایبەتی هەبووە."

هێمن حەمەساڵح، هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد، ساڵی 2006 دەستی بە کاری هونەری کردووە. ئەو تا ئێستا خاوەنی هەشت ڤیدیۆکلیپە و زیاتر لە 14 تراکی گۆرانیی بڵاوکردووەتەوە.