ئاسایشی هەولێر ئەو قاچاخچییەی دەستگیرکرد کە بووە هۆی خنکانی سێ منداڵی کورد
ئاسایشی هەولێر ئەو قاچاخچییەی دەستگیر کرد کە بووە هۆی خنکانی سێ منداڵی کورد لە رووباری مەریچ لە وڵاتی تورکیا.
بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، ئاسایشی هەولێر لە هەڵمەتێکی تۆکمەدا توانی ئەو قاچاخچییە دەستگیر بکات کە بووە هۆکاری گیانلەدەستدانی سێ منداڵی کورد لە رووباری مەریچی تورکیا.
سەرچاوەیەک لە ئاسایشی هەولێر بە کوردستان24ـی رایگەیاند، "دوای کۆکردنەوەی زانیاری و بەدواداچوون، ناسنامەی قاچاخچییەکە بە ناوی (ر. أ. م) ئاشکرا کرا؛ پاشان لە کاتی گەڕانەوەی بۆ هەرێمی کوردستان و بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، لەلایەن هێزەکانمانەوە دەستگیر کرا".
لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەکەمی 2026، سێ منداڵی خێزانێکی خەڵکی شاری سلێمانی بە ناوەکانی هەستیاری تەمەن 12 ساڵ، هەریادی تەمەن نۆ ساڵ و مێلەی تەمەن پێنج ساڵ لە کاتی هەوڵی کۆچکردندا لە نێوان ئاوەکانی تورکیا و یۆنان لە بەرچاوی دایک و باوکیان خنکان.
خێزانەکە لە پێنج کەس پێکهاتبوون و بریتی بوون لە دایک، باوک و سێ منداڵ. بە ئامانجی گەیشتن بە ئەوروپا بۆ وڵاتی ئەڵمانیا، سەرەتا چوونەتە ئیستەنبوڵ و پاشان بەرەو شاری ئەدیرنە لەسەر سنووری یۆنان بەڕێکەوتوون.
بۆ تێپەڕبوون بە رووباری مەریچی تورکیا خێزانەکە سواری چووپێک بوون، دواتر چووپەکەیان نقووم بووە و بەهۆیەوە سێ منداڵەکە گیانیان لەدەستداوە، تەنیا دایک و باوکیان رزگاریان بووە.
رووباری مەریچ (ئێڤرۆس) یەکێکە لەو رێگە مەترسیدارانەی ساڵانە سەدان کۆچبەری کورد بۆ گەیشتن بە وڵاتانی ئەوروپا بەکاریدەهێنن. ئەم رووبارە دەکەوێتە سەر سنووری نێوان تورکیا و یۆنان، بەهۆی سەختیی رێگەکە و خراپیی ئەو چووپ و بەلەمانەی قاچاخچییەکان بەکاریدەهێنن، تاوەکو ئێستا دەیان کۆچبەری کورد لەو ئاوەدا خنکاون و گیانیان لەدەستداوە.