شاندێکی وەزارەتی تەندروستی سەردانی بەغدا دەکات
دووشەممەی داهاتوو، شاندێکی وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی مسۆگەرکردنی پشکی وەزارەتەکە لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2027، سەردانی بەغدا دەکات.
سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، لەپێناو مسۆگەرکردنی پشکی وەزارەتەکەیان لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2027، بەردەوام لە پەیوەندی و گفتوگۆدان لەگەڵ وەزارەتەکانی تەندروستی و دارایی حکوومەتی فیدڕاڵ.
وەزیری تەندروستی ئاشکرایکرد، شاندەکە بە سەرۆکایەتی خۆی سەردانی بەغدا دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی عێراق، گفتوگۆ لەبارەی دابینکردنی دەرمان، پێداویستییە پزیشکییەکان، گرێبەستەکان و دامەزراندنی پزیشکان دەکەن.
سامان بەرزنجی جەخت دەکاتەوە، هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی مافەکانیان لە پڕۆژەیاسای بودجە جێگیر بکەن و بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ پەرلەمانتارانی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە پەرلەمانی عێراق لە پەیوەندی و گفتوگۆدان.
وەزیری تەندروستی روونیکردەوە، ئێستا زۆرینەی تەرخانکراوی دارایی، دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە دابین دەکرێت، بەڵام ئامانجیان ئەوەیە حکوومەتی فیدڕاڵ ئەرکی خۆی لەو بەرپرسیارێتییە جێبەجێ بکات.
ئەمەش لەکاتێکدایە، لیژنەی تەندروستیی پەرلەمانی عێراق داوای زیادکردنی تەرخانکراوی دارایی بۆ گرێبەست و دابینکردنی دەرمانی وەزارەتی تەندروستی، بەتایبەت دەرمانی نەخۆشییە درێژخایەنەکان دەکات.
هاوکات لەگەڵ چڕبوونەوەی گفتوگۆکان لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەی 2027، وەزارەتەکانی دیکەش هەوڵەکانیان بۆ مسۆگەرکردنی پشکی خۆیان لە پڕۆژەیاساکەدا چڕکردووەتەوە.