ئایدن مەعروف: کار بۆ کردنەوەی قوتابخانەی سریانی لە سلێمانی دەکرێت

لێدوانی رۆژنامەوانیی ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان
لێدوانی رۆژنامەوانیی ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان

وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە کاتی سەردانێکیدا بۆ پارێزگای سلێمانی، جەخت لە قووڵکردنەوەی پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی دەکاتەوە و ئاشکرای دەکات، هەوڵ بۆ کردنەوەی قوتابخانەی تایبەت بە پێکهاتەی کریستیان (سریانی) لە شارەکە دەدرێت، هاوکات گرنگی زیاتر بە خوێندنی تورکمانی لە سلێمانی و کفری دەدرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە، 03ـی تشرینی دووەمی 2026، ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی شاری سلێمانی کرد و لەگەڵ هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی و چین و توێژە جیاوازەکانی شارەکە کۆبووەوە.

 ئایدن مەعروف لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "مەبەست لە سەردانەکەمان لە نزیکەوە ئاگاداربوونە لە رەوشی پێکهاتەکان لە شاری سلێمانی. وەک هەمووان دەزانن سلێمانی شاری پێکەوەژیانی ئایین و نەتەوە جیاوازەکانە، ئەمەش بۆ ئێمە زۆر گرنگە و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش هەمیشە پشتیوانی لەم پێکەوەژیانە کردووە."

وەزیری پێکهاتەکان ئاماژەی بە رۆڵی کریستیانەکان (کلدان، سریان، ئاشووری) و تورکمانەکان کرد و گوتی: "پێکهاتەکان رۆڵێکی گرنگیان هەیە لە پرۆسەی سیاسی و کارگێڕی لە عێراق و هەرێمی کوردستان. لە سنووری سلێمانی و گەرمیان، بەتایبەتی لە قەزای کفری، پێکهاتەی تورکمان بوونیان هەیە و پێکەوەژیانێکی زۆر باشیان لەگەڵ برا کوردەکان و پێکهاتەکانی دیکە هەیە."

کەرتی پەروەردە و خوێندنی پێکهاتەکان تەوەرێکی سەرەکیی قسەکانی ئایدن مەعروف بوو، لەو بارەیەوە ئاشکرای کرد: "پێشنیاز کراوە کە قوتابخانەی سریانی بۆ پێکهاتەی کریستیان لە شاری سلێمانی بکرێتەوە، ئێمە زۆر گرنگی بەم بابەتە دەدەین و پشتیوانی دەکەین."

سەبارەت بە قوتابخانە تورکمانییەکانیش روونی کردەوە: "لە شاری سلێمانی یەک قوتابخانەی تورکمانی بە ناوی (قوتابخانەی بارش) هەیە، هەروەها لە قەزای کفری سێ قوتابخانەی تورکمانی هەن. پێویستە گرنگیی زیاتر بەم بوارە پەروەردەییە بدرێت بۆ ئەوەی کولتوور و زمانی پێکهاتەکان بپارێزرێت و گەشەی پێ بدرێت."

لە کۆتایی قسەکانیدا، ئایدن مەعروف باسی لەوە کرد کە لەم سەردانەدا بۆ سلێمانی، نوێنەرانی پێکهاتەی کریستیان لە پەرلەمانی کوردستان و نوێنەرانی تورکمان لە کفری یاوەری بوون. ئامانج لەمەش دروستکردنی هەماهەنگیی زیاترە لەگەڵ ئیدارەی سلێمانی و گەرمیان، بۆ ئەوەی پێکهاتەکان بتوانن لە رووی سیاسی و کارگێڕییەوە بەشدارییەکی کاراتریان لە بەڕێوەبردنی ناوچەکانیاندا هەبێت.