ترەمپ: ئیسرائیل چیدیکە پێویستی بە پارەی ئێمە نییە
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گەیشتووەتە رێککەوتن تا کۆتایی ئەمساڵ هەموو هاوکارییە داراییەکانی ئەمریکا بۆ ئەو وڵاتە رابگرن؛ هاوکات لە پەیامێکی هەڕەشەئامێزدا بەرامبەر تاران ئاشکرای کرد، گەرووی هورمزیان بە تەواوی خستووەتە ژێر کۆنتڕۆڵەوە و بنکەیەکی بەرگریی ئاسمانیی ئێرانیشیان بە توندی بۆردومان کردووە.
سێشەممە، 3ـی تشرینی دووەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "فۆکس نیوز" چەندین تەوەری هەستیاری ناوخۆیی و نێودەوڵەتی خستەڕوو،
لە بارەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تەلئەڤیڤ، ترەمپ ئاشکرای کرد، دوای گفتوگۆ لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائتیل بڕیار دراوە لە کۆتایی ئەمساڵدا سەرجەم هاوکارییە داراییەکانی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل کۆتاییان پێ بهێنرێت.
ترەمپ رایگەیاند: ئیسرائیل خاوەنی ئابوورییەکی بەهێزە و پێویستی بەم هاوکارییە داراییانە نییە، ئەگەر ئەوان پێویستیان بەو پارەیە بووایە، من دەمگوت بەردەوام بن لە پێشکەشکردنی، بەڵام چیدیکە پارەی زیادەیان پێنادەین.
ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئەم بڕیارە بە مانای بایکۆتکردنی سەربازی نییە، بەڵکو ئیسرائیل بژاردەی ئەوەی دەبێت هەر جۆرە چەکێکی بوێت لە ئەمریکا بیکڕێت.
لە رەهەندێکی سەربازییەوە، ترەمپ تیشکی خستە سەر هەژموونی هێزەکانی وڵاتەکەی لە ناوچەی کەنداو و گوتی: ئێمە بە تەواوی کۆنتڕۆڵی گەرووی هورمزمان کردووە و توانای ئەوەمان هەیە ئێران لەناو ببەین.
سەبارەت بە پێشهاتە سەربازییەکانی دوێنێش گوتی: ئێران دامەزراوەیەکی بەرگریی ئاسمانیی دروستکرد، بەڵام دەستبەجێ دوای تەواوبوونی کارەکانی، دوێنێ هێزەکانمان بە چڕی بۆردومانیان کرد.
لەسەر ئاستی سیاسەتی ناوخۆ، ترەمپ رووی لە دەنگدەرانی ئەمریکا کرد و داوای لێکردن بە هەموو توانایانەوە بەرگری لە مانەوەی ئەمریکا وەک هێزێکی مەزن بکەن.
ئاماژەی بەوە کرد، هەڵبژاردنەکانی ئێستای نیوەی خول گرنگترین هەڵبژاردنن لە مێژوودا، بەو پێیەی توانیویانە مەزنی بۆ وڵاتەکە بگێڕنەوە. لە هەمان کاتدا ترەمپ هێرشی توندی کردە سەر دیموکراتەرکان و تۆمەتباری کردن بەوەی کە لە ویلایەتی ئالاسکا خەریکی ئەنجامدانی ساختەکارین لە پرۆسەی هەڵبژاردندا.
ترەمپ ئاماژەی بە دۆسیەی ئابووری و بازرگانیی نێوان ئەمریکا و کەنەدا کرد و رایگەیاند: دانوستانەکانیان بە ئاراستەیەکی ئەرێنیدا دەڕۆن و لە واژۆکردنی رێککەوتنێکی نوێ لەبارەی دابینکردنی پەینی کیمیایی لەگەڵ کەنەدا زۆر نزیک بوونەتەوە.