ئەمڕۆ دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت
ئەمڕۆ چوارشەممە، 4ی تشرینی دووەمی 2026، ئەردەلان سەرسپی سەرۆكی دیوانی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، کارنامەی کۆبوونەوەکە روونە و 51 ئەندام ئامادەی کۆبوونەوەکە بن یاساییە، و هەروەها جەختیشی کردەوە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی 10 خولەکی دەوێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 4ی تشرینی دووەمی 2026، ئەردەلان سەرسپی، سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، سەرجەم ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکە جێبەجێ کراون و کارنامەی کۆبوونەوەکەش تەواو روونە.
سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستان جەختی کردەوە، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ، ئامادەبوونی 51 ئەندامی پەرلەمان رێژەی یاسایی دانیشتنەکە تەواو دەکات و کۆبوونەوەکە شەرعییەتی یاسایی دەبێت.
لەبارەی پرۆسەی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانیشەوە، ئەردەلان سەرسپی روونی کردەوە، هەنگاوەکان ئاسانن و پرۆسەی دەنگدان و هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تەنیا 10 خولەکی پێویستە.
خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە دوای هەڵبژاردنەکانەوە رووبەڕووی چەندین ئاستەنگی سیاسی و یاسایی بووەتەوە، بەتایبەتی لە پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەماندا. پێشتر یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بە کراوەیی هێڵدرابووەوە، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕایەوە لایەنە سیاسییەکان نەیانتوانیبوو لەسەر دیاریکردنی سەرۆک و جێگر و سکرتێری پەرلەمان بگەنە رێککەوتن.