لە کفری رۆژێک بۆ هونەر و موزیک بەڕێوەدەچێت

ئینستتیوتی داکۆ بە گەشەپدانی هونەر و کولتوور،  چالاکییەکانی لە رێگەی شێوەکاری و موزیکەوە، پەیوەندیی نێوان هونەر و ناسنامەی کۆمەڵایەتی بەرجەستە دەکەن، لە سەرا و گەلەری شێوەکارانی کفری بەڕێوەدەچێت.

چوارشەممە، 04ی تشرینی دووەمی 2026، هەڵۆ شێرکۆ بێکەس، سەرۆکی ئینستتیوتی داکۆ بۆ گەشەپدانی هونەر و کولتوور بە کوردستان24ی راگەیاند، "یەکەم چالاکی، پێشانگەی شێوەکارییە بە ناونیشانی "رەنگی کفری"، کە 25 هونەرمەندی شێوەکار بەشداری تێدا دەکەن و بە سێ بنەمای مێژوو، ناسنامە و کولتوورەوە پەیوەستە. ئەم پێشانگەیە تەنیا پیشاندانی کۆمەڵێک تابلۆ نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ گواستنەوەی یادەوەریی شوێن، ناسنامەی ناوچەکە و دەوڵەمەندیی کولتووریی کفری بە زمانی رەنگ و وێنە."

هەڵۆ شێرکۆ بێکەس سەبارەت بە چالاکی یەکەم کە پێشانگەیەکی شێوەکارییە گوتی، "بەشداریی 25 هونەرمەند لەم پێشانگەیەدا، دەرفەتێکە بۆ پیشاندانی دید و شێوازی جیاوازی هونەری، هەروەها دروستکردنی بوارێک بۆ گفتوگۆی هونەری و ئاڵوگۆڕی ئەزموون لەنێوان شێوەکاران. گرنگیی ئەم جۆرە پێشانگەیانە لەوەدایە هونەر لە سنووری تاکەکەسیی هونەرمەند دەردەهێنن و دەیکەنە زمانێکی هاوبەش بۆ باسکردنی مێژوو، بیرەوەری و ناسنامەی شوێن."

هەڵۆ بێکەس باس لە چالاکی دووەم دەکات و جەختی کردەوە، "چالاکیی دووەم کۆنسێرتێکی موزیک و گۆرانییە، بە بەشداریی چوار هونەرمەند وەکو، محەمەد عەبدول، پشکێو کەریم، محەمەد گەرمیانی و شاخەوان داودە، بە هاوکاری  گروپی موزیکی لوڕ."

سەبارەت بە گرنگیی بەڕێوەچوونی کۆنسێرتەکە، هەڵۆ شێرکۆ بێکەس دەڵێت، "ئەم کۆنسێرتەش لە رێگەی موزیک و گۆرانییەوە دەرفەتێک بۆ پەیوەندیی راستەوخۆی نێوان هونەرمەند و گوێگر دروست دەکات و بەشداریی چەند دەنگ و ئەدای جیاواز، دەکرێت ببێتە هۆی دەوڵەمەندکردنی ئەزموونی گوێگرتن و پیشاندانی جۆراوجۆریی توانای موزیکیی هونەرمەندانی ناوچەکە."

هەڵۆ شێرکۆ بێکەس ئاماژەی بەوەش کرد، "گرنگیی ئەم دوو چالاکییە لەوەدایە کەفری تەنیا وەک شوێنی ئەنجامدانی بەرنامەی هونەری نابینرێت، بەڵکو وەک پانتاییەک بۆ بەرهەمهێنان، پیشاندانی تواناکان و پاراستنی ناسنامەی کولتووری دەردەکەوێت. کۆبوونەوەی دوو لقێکی سەرەکیی هونەر، واتە شێوەکاری و موزیک، لە یەک شاردا، ئەوە دەردەخات کە ژیانی هونەری پێویستی بە جۆراوجۆری، پشتگیری و بەردەوامی هەیە."

پێشانگەی شێوەکاری "رەنگی کفری"، ئەمڕۆ چوارشەممە، 4ی تشرینی دووەمی 2026، لە گەلەری شێوەکارانی کفری بەڕێوەدەچێت. چالاکی دووەم، کە کۆنسێرتێکی موزیک و گۆرانییە، هەر هەمان رۆژ، لە سەرای کفری بەڕێوەدەچێت.