ئەکادیمیستان: کاراکردنەوەی پەرلەمان شەرعیەت بە دامەزراوەکان دەدات

مامۆستایانی زانکۆ و ئەکادیمیستان دووپاتی دەکەنەوە کە کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان هەنگاوێکی چارەنووسساز و نیشتمانییە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان نەکەوێتە بۆشایی یاساییەوە. هاوکات جەخت لەوە دەکەنەوە پێویستە ئەو پرسە لە دەرەوەی ململانێ و بەرژەوەندییە سیاسییەکان تەماشا بکرێت.

ژمارەیەک لە مامۆستایانی زانکۆ و توێژەرانی ئەکادیمی، لە بارەی گرنگیی دەستپێکردنەوەی کارەکانی پەرلەمان و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی بۆ خولی شەشەم، دید و بۆچوونی جیاوازیان خستەڕوو و کۆدەنگ بوون لەسەر ئەوەی پەرلەمان پایەی سەرەکیی سیستەمی سیاسی و شەرعیەتدانە بە دامەزراوەکان.

"پەرلەمان سەکۆی گەیاندنی دەنگی خەڵکە"

ئەکادیمیستان ئاماژە بەوە دەکەن، پەرلەمان ناوەندی سەرەکیی گەیاندنی دەنگ و خواستەکانی هاووڵاتییانە بە حکوومەت، هەر بۆیە دەستبەکاربوون و کاراکردنەوەی دەسەڵاتی یاسادانان دەبێت لە پێشینەی کارەکانی دەسەڵاتی سیاسیدا بێت. هاوکات تیشک دەخەنە سەر ئەوەی کە کاتێکی زۆر بەسەر هەڵبژاردن و کۆنەبوونەوەی پەرلەماندا تێپەڕیوە؛ بە کارابوونی پەرلەمان و هەنگاونان بەرەو پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت، سیستەمی سیاسیی هەرێم بەهێزتر دەبێت و توانایەکی باشتر دەڕەخسێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی تەحەددیاتە ناوخۆیی و هەرێمییەکان و کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.

مامۆستایانی زانکۆ باسیان لەوەش کرد کە هیچ سیستەمێکی سیاسی لە جیهاندا بەبێ هەبوونی پەرلەمانێکی کارا و کاراکتەر بەڕێوە ناچێت، بۆیە پێویستە لایەنە سیاسییەکان بە تەواوی رێز لە ئیرادە و دەنگی هاووڵاتییان بگرن و لەم روانگەیەشەوە ڕەخنە لەو لایەنانە دەگرن کە بەربەست بۆ دەستبەکاربوونی پەرلەمان دروست دەکەن و ئەو هەڵوێستانە بە دژایەتیکردنی دەنگی دەنگدەران ناوزەد دەکەن.

بە بڕوای چاودێران و مامۆستایانی زانکۆ:

- مادام هەرێمی کوردستان خاوەنی سیستەمی پەرلەمانییە، کاراکردنەوەی دەسەڵاتی یاسادانان پێویستییەکی حەتمی بوو بۆ بەخشینی شەرعیەت بە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، حکوومەت و سەرجەم دامودەزگاکان.

- سیستەمی دیموکراسی لەسەر بنەمای پەرلەمانی کارا بنیاد دەنرێت تا لە رێگەیەوە خزمەتگوزاری و ماف و ئازادییەکان بۆ خەڵک دابین بکرێت و هاووڵاتییان لە چاوەڕوانیی لێکتێگەیشتنی لایەنە سیاسییەکاندا نەهێڵدرێنەوە.

- پەککەوتنی دوو ساڵەی پەرلەمان پرسیاری لەلایەن ناوەندە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان دروست کردبوو و هەرێمی کوردستانی رووبەڕووی مەترسیی کەوتنە ناو بۆشایی یاسایی کردبووەوە.

ئەوەی پێویستە بیزانیت:

سەرۆکایەتیی دیوانی پەرلەمانی کوردستان بانگهێشتی سەرجەم ئەندامانی پەرلەمانی کرد بۆ دانیشتنی تایبەت بە مەبەستی تەواوکردنی خاڵەکانی دانیشتنی یەکەم لە خولی پاییزەی ساڵی یەکەمی خولی شەشەمی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان.

لە وەڵامی ئەو بانگهێشتەدا، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان و ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی دیکە کە کۆی ژمارەیان گەیشتە 52 پەرلەمانتار، دوای دوو ساڵ کۆبوونەوەی پەرلەمانیان ئەنجام دا. پاش کردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن، دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان بەمشێوەیە هەڵبژێردرا:

- د. ڤالا فەرید: سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان

- رامی نووری: جێگری سەرۆکی پەرلەمان

- مونا قەهوەچی: سکرتێری پەرلەمان