هاوپەیمانیی مەسیحی: کاراکردنەوەی پەرلەمان هەنگاوێکە بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم
هاوپەیمانیی مەسیحی، وێڕای پێشوازیکردن لە کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و دەستپێکردنەوەی ئەرکە یاسادانان و چاودێرییەکان وەک دەستکەوتێکی نیشتمانی، داوای لە لایەنە سیاسییەکان کرد پەلە بکەن لە پێکهێنانی حکوومەت و هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنیشی بە ئاراستەی سنووردارکردنی دەنگدان بۆ کورسییەکانی کۆتا بە تەنیا دەنگدەرانی مەسیحی خستەڕوو.
چوارشەممە، 4ـی تشرینی دووەمی 2026، هاوپەیمانیی مەسیحی، لە راگەیەنراوێکدا، گەرمترین پیرۆزبایی بە بۆنەی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و دەستپێکردنەوەی چالاکییەکانی لە بوارەکانی یاسادانان و چاودێریدا ئاراستەی خەڵکی کوردستان کرد و، پێشوازی لەم هەنگاوە کرد وەک دەستکەوتێکی نیشتمانیی گرنگ کە رۆڵی کاریگەر دەبینێت لە پتەوکردنی دامەزراوەکانی هەرێم، پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و دەستەبەرکردنی مافەکانی هاووڵاتییان.
هاوپەیمانییەکە وێڕای دەستخۆشی لەو هێزە نیشتمانییانەی بەشدار بوون لە بەدیهێنانی ئەم دەستکەوتەدا، داوای لە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان، بەوانەشەوە کە بەشدارییان لە کۆبوونەوەکەدا نەکردووە، کرد ریزەکانیان یەکبخەن و هۆڵی پەرلەمان بکەنە پانتاییەک بۆ دیالۆگی نیشتمانی و کاری پێکەوەیی؛ هەروەها پەلە بکەن لە تەواوکردنی رێکارەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت لەسەر بنەمای هاوبەشیی راستەقینە، نوێنەرایەتیی دادپەروەرانە و هەستکردن بە بەرپرسیارێتیی نیشتمانی.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە پاراستنی مافەکانی پێکهاتە رەسەنەکان، مسۆگەرکردنی بەشداریی دادپەروەرانەیان لە سەرجەم دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقدا و، رەخساندنی ئازادیی تەواو لە هەڵبژاردنی نوێنەرە راستەقینەکانیاندا، کۆڵەکەی سەرەکی و بنەمای چەسپاوی یەکڕیزی و پێکەوەژیانی نیشتمانین.
لە بارەی پرۆسەی هەڵبژاردن و کورسیی کۆتاکانیشەوە، هاوپەیمانیی مەسیحی داوای هەموارکردنەوەی یاسا و رێکارەکانی هەڵبژاردنی لە پەرلەمانی کوردستان و پەرلەمانی فیدراڵیی عێراق کرد، بە جۆرێک دەنگدان بۆ کورسییە مەسیحییەکان "کۆتا" تەنیا بۆ دەنگدەرانی مەسیحی سنووردار بکرێت و ژمارەی کورسییەکانیشیان بۆ قەبارەی پێشوویان بگەڕێندرێتەوە؛ ئەمەش لە پێناو پاراستنی تایبەتمەندی و ئامانجی سەرەکیی سیستەمی کۆتا و دەستەبەرکردنی نوێنەرایەتییەکی راستەقینە و شایستە بۆ گەلی مەسیحی بە سەرجەم نەتەوە و پێکهاتەکانییەوە لە کلدان، ئاشووری، سریان و ئەرمەن، دوور لە هەر جۆرە دەستوەردان و مامەڵەیەکی سیاسی، تا ببێتە هەوێنی نیشتمانێکی یەکگرتوو، سەقامگیر و خۆشگوزەران بۆ تەواوی هاووڵاتییان.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی 52 پەرلەمانتار، کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو و دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان هەڵبژێردران.
لای خۆیەوە ڤالا فەرید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، پەیامێکی ئاراستەی سەرجەم فراکسیۆنەکان کرد بۆ ئەوەی بەشداری لە کۆبوونەوەکانی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان بن، هەروەها داوایەکی دیکەی لە فراکسیۆنەکان کرد، تاوەکوو دووشەممەی هەفتەی داهاتوو ناوی کاندیدەکانیان بۆ دانانی لیژنەکانی پەرلەمان پێشکەش بکەن، بە تایبەت لیژنەی یاسایی.