پەرلەمانتارێکی جەهەپە: دەمیرتاش بێتاوانە و پێویستە ئازاد بکرێت

پەرلەمانتارێکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لێدوانێکی سەرنجڕاکێشی لەبارەی بەردەوامیی زیندانیکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش دا و وێڕای گێڕانەوەی یادەوەرییەکی کاریگەر لەگەڵ دایکی کۆچکردووی، دووپاتی کردەوە کە دەمیرتاش بە ناهەق دەستگیر کراوە و دەبێت دەستبەجێ ئازاد بکرێت.

ئینان ئاکگون ئالپ، پەرلەمانتاری جەهەپە لە بازنەی قارس، ئاماژەی بە خۆشەویستیی زۆری دایکی بۆ سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کرد و یادەوەرییەکی شەوی کۆچی دوایی دایکەکەی ئاشکرا کرد کە چۆن داوای لێکردووە لە پەرلەماندا داکۆکی لە دەمیرتاش بکات.

ئەو پەرلەمانتارەی جەهەپە گوتی "دایکم زۆر سەڵاحەدین دەمیرتاشی خۆشدەویست. هەموو شەوێک سەیری وتارە کۆنەکانی ئەوی دەکرد و ئینجا خەوی لێ دەکەوت. هەمیشە ئامۆژگاریی دەکردم و پێی دەگوتم: 'بۆچی لە پەرلەمان باسی سەڵاحەدین ناکەیت؟ 

ئالپ لە درێژەی گێڕانەوەی ئەو یادەوەرییە کاریگەرەدا باسی لەوە کرد "رۆژێک لەسەر سەکۆی پەرلەمان داوای ئازادکردنی دەمیرتاشم کرد و تۆماری وتارەکەشم بۆ دایکم نارد.

هەر لەو شەوەدا دایکم کۆچی دوایی کرد... رێک وەک ئەوەی تەنیا چاوەڕێی ئەوە بووبێت من باسی دەمیرتاش بکەم."

ئەو پەرلەمانتارەی جەهەپە جەختی لەوە کردەوە کە هێشتنەوەی دەمیرتاش لە زینداندا زامێکی قووڵە لە ویژدانی کۆمەڵگەدا و رایگەیاند "سەڵاحەدین دەمیرتاش ئازاری ویژدانی دڵی هەموو دایکانی کوردە. پێویستە هەمووان ئەمە بزانن! چونکە سەڵاحەدین بێتاوانە، بە ناهەق و ناڕەوا دەستگیر کراوە و ساڵانێکی زۆرە بە زۆرداری لە زینداندا ماوەتەوە."