مونا قەهوەچی: کاراکردنەوەی پەرلەمان قەوارەی هەرێمی کوردستانی لە مەترسییەکان پاراست

سکرتێری پەرلەمانی کوردستان rایگەیاند، کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان دوای دوو ساڵ لە پەکخرانی، سەرکەوتنی ئیرادەی گەلی کوردستان بوو و بووە هۆی پاراستنی قەوارەی دەستووری و سیاسیی هەرێمی کوردستان لەو مەترسییانەی rووبەڕووی ببوونەوە.

چوارشەممە 4ی تشرینی دووەمی 2026، لە میانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی "باسی rۆژ"ی کەناڵی کوردستان24، مونا قەهوەچی rوونی کردەوە، دانیشتنەکەی ئەمڕۆی پەرلەمان کە تەواوکەری دانیشتی یەکەم بوو، بە ئامادەبوونی 52 پەرلەمانتار لە چوارچێوەی ماددەکانی 11 و 14 لە پەیڕەوی ناوخۆدا تەواو کرا و ڕێکارە یاساییەکان بە شێوەیەکی دروست بەڕێوەچوون بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی.

سکرتێری پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوە دا، لە ماوەی ئەو دوو ساڵەی پەرلەمان پەکخرابوو، قەوارەی سیاسیی هەرێم لەژێر مەترسیی گەورەدا بوو؛ بەتایبەت لە سایەی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، کێشە سیاسییەکان و هەوڵەکانی بەغدا بۆ هەموارکردنەوەی دەستووری هەمیشەیی عێراق.

گوتیشی: "بە کاراکردنەوەی پەرلەمان وەک باڵاترین دامەزراوەی یاسادانان، دەرگا لەبەردەم پیلانەکان بۆ لاوازکردنی قەوارەی هەرێم داخرا و پێگەی هەرێم لەسەر ئاستی عێراق و نێودەوڵەتی بەهێزتر بوویەوە."

سەبارەت بە هەنگاوەکانی داهاتووی پەرلەمان، مونا قەهوەچی ئاشکرای کرد، سەرۆکی پەرلەمان rۆژی دووشەممەی وەک دوا مۆڵەت دیاریکردووە تاوەکو سەرجەم فراکسیۆنەکان ناوی کاندیدەکانیان بەپێی بەشی خۆیان بۆ ئەندامێتی لە 19 لیژنە هەمیشەییەکەدا پێشکەش بکەن.

ئاماژەی بەوەش کرد، پاش rادەستکردنی ناوەکان، دەستەی سەرۆکایەتی بەپێی پەیڕەو لە ماوەی 48 کاتژمێردا پەرلەمانتاران لە وادەی دانیشتنی داهاتوو بۆ دەنگدان لەسەر لیژنەکان ئاگادار دەکاتەوە.

جەختی لە گرنگیی کاراکردنی لیژنەی یاسایی کردەوە، چونکە سەرجەم پرۆژەیاساکان، پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم و پێکهێنانی کابینەی حکوومەت پێویستیان بە کارابوونی ئەم لیژنەیەیە.

مونا قەهوەچی دووپاتی کردەوە کە دەرگای پەرلەمان و دەستەی سەرۆکایەتی بە کراوەیی دەمێنێتەوە بۆ هەموو ئەو لایەن و پەرلەمانتارانەی کە لە دانیشتنەکەدا بەشدار نەبوون.

گوتیشی: "ئەم پەرلەمانە موڵکی تەواوی خەڵکی کوردستان و هەموو لایەنە سیاسییەکانە. هیوادارین لایەنەکان بەرژەوەندیی نیشتمانی لەبەرچاو بگرن و بە زووترین کات بێنە ناو هۆڵی پەرلەمان، چونکە ئامادەبوونی ئەوان و کۆدەنگیی نیشتمانی، پێگەی هەرێمی کوردستان بەرامبەر بەغدا پتەوتر دەکات لە پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێ و بەدەستهێنانی مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان."