دوای زیاتر لە دوو ساڵ پەرلەمانی کوردستان دەستەی سەرۆکایەتیی هەڵبژارد و کاراکرایەوە

دوای زیاتر لە دوو ساڵ لە پەککەوتنی، بە مەبەستی پاراستنی قەوارەی دەستووری و یاسایی هەرێمی کوردستان و رێگریکردن لە بۆشایی یاسایی، پەرلەمانی کوردستان کاراکرایەوە و دەستەی سەرۆکایەتیی نوێی پەرلەمان هەڵبژێردرا.

لە کۆبوونەوەی پەرلەماندا، بە ئامادەبوونی 52 پەرلەمانتار لە هۆڵی کۆبوونەوەکان، دانیشتنی یەکەمی پەرلەمانی کوردستان تەواو کرا و لە پرۆسەیەکی دەنگداندا، دەستەی سەرۆکایەتیی نوێی پەرلەمان (سەرۆک، جێگر و سکرتێری پەرلەمان) هەڵبژێردران.

بەشداربووانی کۆبوونەوەکە و فراکسیۆنی پارتی جەختیان لەوە کردەوە کە پەرلەمانی کوردستان موڵکی تەواوی خەڵک و هەموو پەرلەمانتارە هەڵبژێردراوەکانە، هەروەها کاراکردنەوەی پەرلەمان لە پێناو بەرژەوەندیی باڵای خەڵکی کوردستان و پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان بووە، داواش لە سەرجەم فراکسیۆنەکانی دیکە کرا بگەڕێنەوە ناو هۆڵی پەرلەمان تا پێکەوە کاروانی بەڕێوەبردنی پەرلەمان بەردەوام بێت.

هەنگاوەکانی داهاتوو؛ هەڵبژاردنی لیژنەکان و سەرۆکی هەرێم بڕیارە هەفتەی داهاتوو پەرلەمانی کوردستان دانیشتنێکی نوێ ئەنجام بدات بۆ هەڵبژاردن و پێکهێنانی 15 لیژنە هەمیشەییەکەی پەرلەمان. دوابەدوای ئەوەش، دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە و لە ماوەیەکی یاساییدا سەرۆکی نوێی هەرێم هەڵدەبژێردرێت، پاشان سەرۆکی هەرێم بەربژێری سەرۆکایەتیی حکوومەت رادەسپێرێت بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەم.

لەم بارەیەوە، مونا قەهوەچی، سکرتێری پەرلەمانی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، "کاری داهاتوومان ئامادەکاریکردن دەبێت بۆ ئاراستەکردنی بانگهێشتنامە بۆ سەرجەم فراکسیۆنەکان، بۆ ئەوەی کاندیدەکانی خۆیان پێشکەش بکەن تا لیژنە هەمیشەییەکان دەستنیشان و هەڵبژێردرێن."

سکرتێری پەرلەمان داوای لە سەرجەم لایەنەکان کردەوە و گوتی "داوا لە تەواوی ئەو پەرلەمانتارە بەڕێزانە دەکەین کە ئەمڕۆ ئامادە نەبوون، لە کۆبوونەوەکانی داهاتوودا ئامادە بن بۆ ئەوەی پەرلەمان بە سەرکەوتووانە کاروبارەکانی خۆ راپەڕێنێت."

پەرلەمانتارانی بەشداربوو ئاماژەیان بەوەش کرد، بە کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی لیژنەکان، پەرلەمان دەست دەکاتەوە بە ئەرکە یاسایی، دەستووری و چاودێرییەکانی خۆی و لە قۆناغی داهاتووشدا متمانە بە کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەبەخشێت.