حەلەب.. بەرهەمی زۆری زەیتوون جووتیارانی خستە ژێر باری قەرزەوە
پارێزگای حەلەب لە سووریا، بەراورد بە ساڵی رابردوو بە رێژەی 14.3% زیادبوونێکی بەرچاوی لە بەرهەمهێنانی زەیتووندا تۆمار کردووە. لەگەڵ ئەوەشدا، بەرزبوونەوەی بەرچاوی تێچووی خزمەتکردن، دروێنە و گواستنەوە، لەگەڵ گۆڕانکارییە کەشوهەواییەکان و گرانیی پێداویستییەکان، بوونەتە هۆی دروستبوونی بارگرانییەکی زۆر لەسەر شانی جووتیاران و خاوەن گوشەرەکانی زەیتوون.
فیراس محەمەد سەعید، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پارێزگای حەلەب رایگەیاند: "کۆی بەرهەمی زەیتوون لەم وەرزەدا گەیشتووەتە 226 هەزار و 284 تۆن، لەکاتێکدا وەرزی رابردوو 198 هەزار و 25 تۆن بووە". بەپێی ئامارەکان، بەرهەم بە بڕی 28 هەزار و 259 تۆن زیادی کردووە. سەعید ئاشکرایکرد، رووبەری داچێنراو بەم دارە لە پارێزگاکەدا 190 هەزار و 420 هێکتارە، کە 184 هەزار هێکتاری دێمییە و کەمتر لە 6 هەزار هێکتاری بەراوە.
سەعید روونیکردەوە، بارانبارینی ئەمساڵ سەرەڕای باشییەکەی، بەهۆی کەمیی بارانی ساڵی پێشووەوە کە کاریگەریی نەرێنی لەسەر گەشەی چڵە بەردارەکان دروستکردبوو، نەبووەتە هۆی بەرزبوونەوەیەکی زۆر گەورەی چاوەڕوانکراو لە بەرهەمدا.
هاوکات لە کێڵگەکاندا، جووتیاران بەدەست بەرزبوونەوەی خەرجییەکانەوە دەناڵێنن. ئەحمەد قەتوور، جووتیارێکی ناوچەکەیە و دەڵێت چاودێریکردنی دارەکان لە بژارکردن و دەرمانڕێژکردنەوە دەست پێدەکات تا کاتی لێکردنەوە. قەتوور هۆشداری دا، لێکردنەوەی پێشوەختە کواڵیتیی رۆنەکە دادەبەزێنێت و تاڵی دەکات. بارودۆخی سەختی ئابووری وایکردووە دیاردەی کۆکردنەوە و بردنی بەرهەمی زەوییەکان لەلایەن خەڵکانی دیکەوە زیاد بکات و کێشەی سەرڕێژ بێت.
سەمیر عەمووری، جووتیارێکی دیکەیە و گوتی ئەمساڵ بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و هەڵوەرینی بەشێک لە بەرهەمەکەی ناچار بووە دەرمانی گرانبەها بەکاربهێنێت. عەمووری جەختیکردەوە، خەرجیی کێڵان و خزمەتکردنی دارەکان لەگەڵ داهاتی بەرهەمەکەدا ناگونجێت و زەرەرمەندی یەکەم جووتیارانی خاوەن زەویی بچووک و مامناوەندن.
جەمیل عوسمان، خاوەنی 50 داری زەیتوون روونیکردەوە، تەنیا سێ جار کێڵانی زەوییەکەی بۆ هەر دارێک نزیکەی 80 سەنت تێچووی هەیە، ئەمە جگە لە کرێی کرێکار، گواستنەوە و گوشین لە کارگەکاندا. نرخی یەک تەنەکە رۆنی زەیتوون لەنێوان 60 بۆ 65 دۆلاردایە و داهاتی کۆتایی قەرەبووی ئەو ماندووبوون و خەرجییە زۆرە ناکاتەوە.
کێشەکان تەنیا لە باخەکاندا نین و گەیشتوونەتە کارگەکانی گوشینی زەیتوونیش. محەمەد حەسەنۆ، خاوەنی گوشەرەیەکی زەیتوون لە گوندەواری حەلەب رایگەیاند، ئەو بڕە زەیتوونەی دەگاتە گوشەرەکەیان بە رێژەی نزیکەی 30% کەمی کردووە بەراورد بە ساڵانی ئاسایی، ئەمەش دوای دوو وەرزی لاواز دێت لە ناوچەکەدا. حەسەنۆ ئاشکرایکرد، بەرزبوونەوەی ترشێتی لە رۆنی ئەمساڵدا پەیوەندی بە دواکەوتنی گوشینی بەرهەمەکە و هەڵگرتنی لە هەلومەرجی نادروستدا هەیە. نرخی تەنەکەیەک رۆن لە 60 دۆلارەوە دەست پێدەکات و بەپێی کواڵیتی و رێژەی ترشێتییەکەی گۆڕانکاری بەسەردا دێت.
ئیلیاس غەسان سەمعان، بەرپرسی بەشی زەیتوون لە حەلەب روونیکردەوە، بارانبارینی پچڕپچڕ لە کاتی دروێنە و بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و کرێی گواستنەوە، جووتیارانی ناچار کردووە زەیتوونەکە لە زەوییەکاندا کۆبکەنەوە تا بڕەکەی زۆر دەبێت. سەمعان وتی: "هێشتنەوەی بەرهەمەکە بۆ زیاتر لە دوو رۆژ لە شوێنی شێدار یان بەر باران، دەبێتە هۆی هەڵگەڕان، ترشان و دابەزینی کواڵیتییەکەی".
سەبارەت بە جۆرە باوەکان، سەمعان ئاماژەی بەوە کرد، جۆری زەیتی لە حەلەب و عەفرین باوترینە، بەڵام لە ناوچەکانی مەنبج و باب بەهۆی بەرگەگرتنی لە وشکەساڵی و نەخۆشییەکانی قەدی دار، روو لە چاندنی جۆری "قەیسی" دەکرێت، هەروەها جۆرەکانی سۆرانی و نیبالیش بوونیان هەیە. لە کۆتاییدا جەختی لە گرنگیی بەرزکردنەوەی هۆشیاریی جووتیاران، پەیڕەوکردنی کشتوکاڵی زیرەک و بەکارهێنانەوەی دروستی پاشماوەی گوشەرەکان کردەوە بۆ پاراستنی بەردەوامیی ئەم بەروبوومە ستراتیژییە.