مۆسکۆ هۆشداری دەداتە ئەوروپا
وەزارەتی دەرەوەی رووسیا هۆشداری بە یەکێتیی ئەوروپا دا لە هەر ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی لە دەریای رەشدا و رایگەیاند، هەوڵەکانی پەرلەمانی ئەوروپا بۆ ناردنی ئەرکێکی سەربازی، تەنیا بە ئامانجی گەیاندنی چەک بۆ کیێڤ و زیاتر ئاڵۆزکردنی دۆخەکەیە.
ڤلادیسلاڤ ماسلێنیکۆڤ، بەرپرسی بەشی کاروباری ئەوروپا لە وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی ئیزڤێستیای رووسی رایگەیاند: "لۆژیکییە وابیر بکەینەوە کە بڕیارەکەی پەرلەمانی ئەوروپا لەسەر بنەمای هەوڵەکانی یەکێتیی ئەوروپایە بۆ دەستەبەرکردنی گەیاندنی چەک و کەرەستەی سەربازی لە رێگەی دەریاوە بۆ ئۆکراینا".
ماسلێنیکۆڤ جەختیکردەوە، هەوڵدان بۆ جێبەجێکردنی ئەم جۆرە پلانانە، هیچ دەرئەنجامێکی نابێت جگە لە دروستبوونی شەپۆلێکی نوێی گرژی و ئاڵۆزی لە تەواوی ناوچەی دەریای رەشدا.
هاوکات ئەو بەرپرسە رووسییە رەخنەی توندی لە سزاکانی یەکێتیی ئەوروپا گرت و روونیکردەوە، ئەو سزایانە بوونەتە هۆی دروستکردنی کۆسپ لەبەردەم دڵنیایی کەشتییەکان و مامەڵە دارایییەکان و هەناردەکردنی خۆراک لە رێگەی دەریای رەشەوە.
22ـی تشرینی یەکەم، پەرلەمانی ئەوروپا بڕیارنامەیەکی پەسەند کرد و تێیدا داوای لە یەکێتیی ئەوروپا کرد تاوتوێی ئەگەری بڵاوەپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی دەریایی لە دەریای رەشدا بکات. لە بڕیارنامەکەدا داواش لە وڵاتانی یەکێتییەکە کرابوو بە هەماهەنگی لەگەڵ ناتۆ، هاوکاریی بولگاریا و رۆمانیا بکەن لە زوو دەستنیشانکردن و شوێنپێهەڵگرتنی ئەو درۆنانەی کە مەترسی لەسەر کەشتیوانی لە دەریای رەش دروست دەکەن.