سوپای پاسداران: لە گەرووی هورمز ئاگر لە دوو نەوتهەڵگر کەوتووەتەوە

سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، دوو کەشتیی نەوتهەڵگر و کەشتییەکی راکێشەر لە گەرووی هورمز ئاگریان گرتووە. هۆکاری ئەم رووداوە بۆ هەوڵی کەشتییەکان بۆ بەکارهێنانی رێڕەوێکی ناپێویست دەگەڕێتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 5ـی تشرینی دووەمی 2026، سوپای پاسداران لە بەیاننامەیەکدا روونیکردەوە، نەوتهەڵگرێک لەکاتی تێپەڕین بە رێڕەوی باشووری گەرووەکەدا بەر مینێکی دەریایی کەوتووە. هاوکات نەوتهەڵگرێکی دیکە لەکاتی لادان لە رێڕەوی دیاریکراو لە بەشی رۆژهەڵاتی گەرووەکە ئاگری گرتووە.

هێزەکانی سوپای پاسداران کۆنترۆڵی دوو درۆن لە جۆری لوکاس کردووە و ئێستا فڕۆکەکان لەژێر دەستی ئەواندان.

سەبارەت بە دۆخی ئەمنی ناوچەکە، سوپای پاسداران هۆشدارییدا، هەر هەوڵێک بۆ پێشێلکردنی یاسا لە گەرووی هورمز، زیانە دارایی و شکستە سیاسییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا قووڵتر دەکاتەوە. تا ئێستا واشنتن هیچ لێدوان و هەڵوێستێکی فەرمیی لەبارەی ئەم بەیاننامەیەی سوپای پاسداران رانەگەیاندووە.

گەرووی هورمز کە دەکەوێتە نێوان ئێران و سوڵتاننشینی عومان، یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوە دەریایییە ستراتیژییەکانی جیهان. بەشێکی زۆری هەناردەی نەوت و گازی وڵاتانی کەنداو بۆ بازاڕەکانی جیهان لەو رێگەیەوە تێدەپەڕێت.

گرژییەکانی ئەم ناوچەیە لەکاتێکدایە، 28ـی شوباتی 2026 ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل جەنگێکیان دژی ئێران دەستپێکرد. ئەگەرچی لە مانگی نیساندا ئاگربەست راگەیەندرا، بەڵام لە مانگی تەممووزدا پێکدادانەکان لەنێوان واشنتن و تاران بەهۆی بنبەستبوونی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە، جارێکی دیکە سەریانهەڵدایەوە.