ناڕێکیی کاتەکانی خەوتن زیان بە تەندروستیی دڵ و پەستانی خوێن دەگەیەنێت

پزیشکان و شارەزایانی تەندروستی هۆشداریی دەدەن لەوەی ناڕێکیی کاتەکانی خەوتن هەستان لە رۆژانی هەفتەدا، ریتمی رۆژانەی جەستە تێکدەدات و زیان بە تەندروستیی دڵ و رێکخستنی پەستانی خوێن دەگەیەنێت.

میدیا جیهانییەکان لە زاری کۆمەڵەی دڵی ئەمریکییەوە بڵاویانکردووەتەوە، پێویستە کەسانی پێگەیشتوو شەوانە 7 تا 9 کاتژمێر بخەون، بە مەرجێک کاتەکانی خەوتن و بەخەبەرهاتنیان لە یەکترەوە نێزیک بن. شارەزایان جەخت دەکەنەوە کە تەنیا ژمارەی کاتژمێرەکانی خەو بەس نییە، بەڵکو رێکیی کاتەکانیشی بە هەمان ئاست گرنگن بۆ پاراستنی تەندروستیی دڵ.

راپۆرتێک کە لەلایەن ماڵپەڕی "ئیتینگ وێڵ" بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە دەکات دیاریکردنی کاتی خەوتن دەبێت بەپێی پێداویستی و رۆتینی رۆژانەی کەسەکە بێت. باشترین رێگەش ئەوەیە دەست لە کاتی ڕابوون بەکاربهێنرێت؛ بۆ نموونە کەسێک ئەگەر کاتژمێر 6:00ـی بەیانی هەڵستێت و پێویستی بە 8 کاتژمێر خەو بێت، دەبێت تا کاتژمێر 10:00ـی شەو خەوتبێت، ئەمەش وا دەکات بەر لەو کاتە بچێتە سەر جێگەکەی.

پەستانی خوێن و خەو

پەستانی خوێن لە کاتی خەودا بە رێژەی 10% تا 20% دابەزین بەخۆیەوە دەبینێت. نەبوونی ئەم دابەزینە یان بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن لە شەودا، ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و دەمارەکان زیاد دەکات.

هەروەها تویژینەوەیەکی بەریتانی لەسەر 88 هەزار کەس دەریخستووە، ئەو کەسانەی لە نێوان کاتژمێر 10:00 تا 10:59ـی شەو دەخەون، ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشییەکانی دڵ کەمترە بەراورد بەوانەی زووتر یان درەنگتر دەخەون.

رێنماییەکان بۆ خەوێکی ئارام:

- دیاریکردنی کاتی بەخەبەرهاتن.
- ئامادەکردنی ژوورێکی بێدەنگ، تاریک و ئارام.
- کەمکردنەوەی بەکارهێنانی مۆبایل و شاشەکان لەکاتی شەودا.
- دوورکەوتنەوە لە کافایین بەر لە کاتی خەوتن.
- راهێنانی وەرزشی لە رۆژدا.