باشاک دەمیرتاش کۆلێژی یاسای تەواو کرد؛ ئایا دەبێتە پارێزەری هاوسەرەکەی؟
باشاک دەمیرتاش، هاوسەری سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، کۆلێژی یاسای تەواو کرد. لە ئێستاشەوە ئەوە بووەتە جێگەی سەرنج و باسوخواس، ئایا لە داهاتوودا ناوبراو پارێزەری لە سەڵاحەدین دەمیرتاشی هاوسەری دەکات کە لە گرتووخانەی ئەدیرنە زیندانی کراوە یان نا.
باشاک دەمیرتاش پێشتر مامۆستا بوو، بەڵام دوای ئەوەی سەڵاحەدین دەمیرتاش خرایە زیندانەوە، دەستبەرداری پیشەکەی بوو. لە ساڵی 2023 بە تەواوی وازی لە پیشەی مامۆستایی هێنا و لەو ماوەیەدا خۆی بۆ تاقیکردنەوەکان ئامادە کرد و توانی لە کۆلێژی یاسا وەربگیرێت.
باشاک دەمیرتاش توانی خوێندنی کۆلێژی یاسا لە زانکۆی یاڵۆڤا لە تورکیا تەواو بکات، چەند ڕۆژێک لەمەوبەریش وەک پارێزەری راهێنراو ، داواکارییەکی فەرمی پێشکەش بە سەندیکای پارێزەرانی (بارۆ)ی دیاربەکر کرد.
ئەوەی ئێستا بووەتە جێگەی سەرنج و پرسیار ئەوەیە؛ ئایا لە رۆژانی داهاتوودا باشاک دەمیرتاش ئەرکی پارێزەری و بەرگریکردن لە هاوسەرەکەی دەگرێتە ئەستۆ یان نا.
لە 4ی تشرینی یەکەمی ساڵی 2016، سەڵاحەددین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ، هاسەرۆکانی پێشووی هەدەپە بە تۆمەتی تێوەگلان لە دۆسییەی کۆبانێ دەستگیرکران.
دۆسیەی کۆبانێ دوای ئەوەی دەستیپێکرد، کاتێک لە تشرینی یەکەمی 2014دا لە باکووری کوردستان خۆپیشاندانی فراوان بۆ پشتیوانی لە شاری کۆبانێ، دژی لەشکرکێشی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێوەچوون، لەسەر دۆسییەکە سەڵاحەددین دەمیرتاش بە 42 ساڵ زیندانی و فیگەن یوکسەکداغ 32 ساڵ زیندانی سزادران .
هەرچەندە دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا سێجار داوای ئازادکردنی سەڵاحەددین دەمیرتاشی کردووە، بەڵام بڕیارەکە تا ئێستا جێبەجێنەکراوە و چاوەڕێ دەکرێت لە قۆناغەکانی داهاتووی پرۆسەی ئاشتی و دوای دامەزراندنی کۆمیسیۆنی پەرلەمانی بۆ بەروە پێشبردنی پرۆسەکە، بەشێک لە زیاندانییە سیاسییەکان ئازاد بکرێن، لەنێویشیاندا سەڵاحەددین دەمیرتاش یەکێک بێت لەو کەسایەتیانەی ئازاد دەکرێن.
دەمیرتاش لە زیندانەوە ژمارەیەک بەرهەمی نووسینی بڵاوکردووەتەوە و بەشێک لە بەرهەمەکانی وەرگێڕاونەتە سەر زمانی بیانی و کوردی، لە نێوخۆیی تورکیا پێشوازییەکی گەرم لە بەرهەمەکانی کراوە.
دەوران، سەحەر، ئەفسوون، لەیلان، داد، جەمال. لە دیارترین کتێبەکانی دەمیرتاشن لە زیندانەوە نووسراون.
سەڵاحەدین دەمیرتاش ساڵی 1973 لە پارێزگای خارپێتی باكوری كوردستان لە دایك بووە و هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە بوو.