بەڕێوەبەری بنکەیەکی پۆلیسی عێراق لە کاتی وەرگرتنی بەرتیل دەستگیر کرا

دەستەی دەستپاکیی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە 5ـی تشرینی دووەمی 2026، رایگەیاند، بەڕێوەبەری بنکەی پۆلیسی نەوجەوانانی رەسافە لە کاتی وەرگرتنی بەرتیل و بە بەڵگەوە دەستگیر کراوە.

دەستەکە لە بارەی دەستگیرکردنی بەڕێوەبەری بنکەکەی پۆلیس راگەیەنراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتووە، تیمێکی لێکۆڵینەوە و بە دواداچوون لە بەڕێوەبەرایەتیی لێکۆڵینەوەی بەغدا، دوای ماوەیەک چاودێری، تەڵەیەکیان بۆ دەستگیرکردنی بەڕێوەبەری بنکەی پۆلیسی نەوجەوانانی رەسافە داناوەتەوە، کە پلەکەی عەقیدە و لەو کاتەدا هەڵیانکوتاوەتە سەر بنکەکە، بەڕێوەبەری بنکەکە  لە ژوورەکەیدا خەریکی بەرتیل بووە، بۆ ئەوەی فەرمانی گەڕان و پشکنین و دەستگیرکردن بۆ تۆمەتبارێک دەربکات.

دەستەی دەستپاکی ئەوەشی راگەیاندووە، بەڕێوەبەری بنکەی پۆلیسی نەوجەوانانی کەرتی رەسافە، بە تۆمەتی بەرتیل وەرگرتن، قۆڵبەست کراوە و بە بڕیارەی ژمارە 160 دەرچووی ساڵی 1983 لە یاسای سزادانی عێراق راپێچی دادگا کراوە و رووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە.