یەکێتیی ئەوروپا بۆ کوردستان24: کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان هەنگاوێکی گرنگە
"دەبێت کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە خێرایی پێکبهێنرێت"
یەکێتیی ئەوروپا پێشوازی لە دەستپێکردنەوەی کارەکانی پەرلەمانی کوردستان و هەڵبژاردنی دەستەی نوێی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەکات و، داواش دەکات بە لێکتێگەیشتنی سەرجەم لایەنەکان، بە زووترین کات کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێکبهێنرێت.
پێنجشەممە 5ـی تشرینی دووەمی 2026، لە وەڵامی پرسیارێکی تایبەتی ماڵپەڕی کوردستان24ـدا سەبارەت بە هەڵسەنگاندنی یەکێتیی ئەوروپا بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و دەستپێکردنەوەی ئەرکە یاسادانانەکانی، گوتەبێژێکی یەکێتییەکە رایگەیاند: "دەستپێکردنەوەی کارەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و هەڵبژاردنی دەستەیەکی نوێی سەرۆکایەتی، پێشهاتێکی پێشوازیلێکراون بۆ دەستەبەرکردنی کارکردنی دامەزراوە دیموکراسییەکان."
گوتەبێژەکەی یەکێتیی ئەوروپا ئاماژەی بە دۆخی دوو ساڵی رابردووی پەرلەمان کرد و گوتی: "یەکێتیی ئەوروپا هیواخوازە ئەو لێکترازان و دابەشبوونەی کە بۆ ماوەی دوو ساڵ کاریگەریی لەسەر کارەکانی پەرلەمان دروستکردبوو، بە شێوەیەکی گشتگیر و بە بەشداریی هەموو لایەک تێپەڕێنرێت."
هاوکات سەبارەت بە پرسی سەقامگیریی دامەزراوەیی و هەنگاوەکانی داهاتوو لە هەرێمی کوردستان و عێراق، گوتەبێژەکەی یەکێتیی ئەوروپا جەختی لە گرنگیی پەلەکردن لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت کردەوە و رایگەیاند: "بەشداریکردن و لێکتێگەیشتنێکی سیاسیی هەمەلایەنە و گشتگیر پێویستە بۆ هەنگاونان بەرەو پێکهێنانی خێرای حکوومەتی هەرێم، ئەمەش لە پێناو بەرژەوەندیی تەواوی هەرێمی کوردستانی عێراقدا."
هەروەها پەیامێکی ئاراستەی سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی: "ئێمە هانی هەموو لایەنەکان دەدەین کە بە شێوەیەکی بونیاتنەرانە گفتوگۆ بکەن و بەشدار بن."
ئەمەش لە کاتێکدایە، چوارشەممە، 4ـی تشرینی دووەمی 2026، بە ئامادەبوونی 52 پەرلەمانتار، کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو و دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان هەڵبژێردران.
لای خۆیەوە ڤالا فەرید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، پەیامێکی ئاراستەی سەرجەم فراکسیۆنەکان کردبوو بۆ ئەوەی بەشداری لە کۆبوونەوەکانی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان بن، هەروەها داوایەکی دیکەی لە فراکسیۆنەکان کردبوو، تاوەکوو دووشەممەی هەفتەی داهاتوو ناوی کاندیدەکانیان بۆ دانانی لیژنەکانی پەرلەمان پێشکەش بکەن، بە تایبەت لیژنەی یاسایی.