هەنگوینی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەی هەنگەوانانی عەرەب چوار خەڵات بەدەستدەهێنێت

هەنگوینی هەرێمی کوردستان لە رکابەرییەکی بەرفراوانی وڵاتانی عەرەبیدا توانی چوار خەڵاتی زێڕین و زیوی لە کۆنگرەی یەکێتیی هەنگەوانانی عەرەب لە عەممانی پایتەختی ئوردن بەدەستبهێنێت.

ئەمڕۆ هەینی 6ـی تشرینی یەکەمی 2026، عوسمان مەجید، ئەندامی یەکێتیی هەنگەوانانی عەرەب بە "کوردستان24" رایگەیاند، بەشداریکردنی ئەمساڵ زۆر جیاواز و مەرجەکانی پێشبڕکێکە قورس بوون، لەبەر ئەوەی بەپێی ستانداردە جیهانییەکان پێشوەختە پشکنینی تاقیگەیی ورد بۆ سەرجەم بەرهەمەکان لە وڵاتی سعوودیە لەو تاقیگەیەی لەلایەن یەکێتییەکەوە دیاریکرابوو، ئەنجامدراوە.

سەرەڕای گەرمای توند و سەختیی پرۆسەی گواستنەوە، هەنگەوانانی کوردستان نموونەی هەنگوینەکانیان بە شێوەی شلە، شانە و بەستوو، هاوکات لەگەڵ ئەو بەرهەمانەی بۆ دەرمان و چارەسەری پزیشکی بەکاردەهێنرێن، رەوانەی تاقیگە کرد. لە نێو زیاتر لە 200 بەشداربووی وڵاتانی عەرەبیدا، سەرجەم نموونەکانی هەرێمی کوردستان پەسەند کران و لە ئەنجامدا توانییان دوو پلەی یەکەمی زێڕین و دوو پلەی دووەمی زیوی دەستەبەر بکەن.

سەبارەت بە ئاستەنگەکانی بەردەم هەنگەوانان، عوسمان مەجید ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی ساخکردنەوەی هەنگوینی هاوردەکراو و دەستکرد لە بازاڕەکانی ناوخۆدا، بازاڕی هەنگوینی ناوخۆیی زیانی بەرکەوتووە، هەروەها تێچووی بەشداریکردن لە کۆنگرەکەدا لە پشکنینی تاقیگە، گەشتکردن، مانەوە و بەشداریکردن بە تەواوی لەسەر ئەرکی گیرفانی هەنگەوانەکان بووە بەبێ ئەوەی هیچ هاوکارییەکی دارایی بکرێن.

ئەو ئەندامەی یەکێتیی هەنگەوانانی عەرەب داوای لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی کشتوکاڵ کرد، لە کۆنگرە و پێشانگە نێودەوڵەتییەکانی داهاتوودا هاوکاری هەنگەوانانی کوردستان بن لە رووی دارایی و ئاسانکارییەوە، چونکە بە گوتەی ئەو "ئەگەر هاوکاری هەبێت، لەبری چوار نموونە دەتوانین بە 50 نموونە بەشداری بکەین و خەڵاتی زیاتر بەدەستبهێنین، ئەمەش ناوبانگی هەنگوینی کوردستان لەسەر ئاستی جیهان بەرزتر دەکاتەوە و بازاڕی نێودەوڵەتی بۆ دەڕەخسێنێت".

هەروەها جەختی لەوەش کردەوە، شاندی کوردستان بە ئاڵای کوردستان و بە پۆشینی جلوبەرگی رەسەنی کوردی بەشدارییان کردووە، ئەمەش بووەتە جێی سەرنج و گرنگیدانی میدیا عەرەبی و جیهانییەکان لە کۆنگرەکەدا.