40%ی کارەکانی پڕۆژەی ستراتیژیی ئاوی بەردەرەش تەواو بوون
پڕۆژەی ستراتیژیی ئاوی بەردەرەش پڕۆژەیەکی مەزنە و ئاوی خواردنەوە لە ڕووباری زێی مەزن بۆ هەموو قەزای بەردەرەش بە 3 ناحیە و 83 گوندەوە دابین دەکات، ئێستاش ڕێژەی کارکردن تێیدا گەیشتووەتە 40% و بڕیارە لە کۆتایی ساڵی 2027 کۆتایی پێ بێت.
ئەم پڕۆژەیە بە گوژمەی 428 ملیار دیناری عێراقی، لەلایەن کۆمپانیایەکی ناوخۆییەوە جێبەجێ دەکرێت. ناوەندی پڕۆژەکە لە گوندی دالەرە دەبێت و بە رێگەی بۆرییەکان ئاو دەگەیەنێتە سەنتەری شارۆجکەکە و هەرسێ شارەدێی (رۆڤیا، دارەتوو و کەلەک) لەگەڵ 83 گوند.
رێبەر نازم، ئەندازیاری سەرپەرشتیار، بە کوردستان24ی راگەیاند؛ ئەم پڕۆژەیە یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژی و گرنگەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت لە سەردەمی کابینەی نۆیەمدا، کە لەسەر راسپاردەی سەرۆکی حکوومەت چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
لە لایەکی دیکەوە، هەوار عزەدین، موختار، رایگەیاند، قەزای بەردەرەش پێویستیی بەو پڕۆژەیە هەبوو چونکە چەندین ساڵ بوو کێشەی ئاوی هەبوو، بەڵام ئێستا زۆر خۆشحاڵین کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەو پرۆژەی بۆ شارۆچکەکە هێنا.
ئیبراهیم حوسێن، جووتیارێکی ناوچەکەیە، دەستخۆشی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی: "ئەم پڕۆژەیە پڕۆژەیەکی زۆر گرنگە بۆ دەڤەرەکەمان، و بە تەواوبوونی، هەموو بیرە ئیرتیوازییەکانی پێشتر دادەخرێن، کە ئەمەش پارێزگارییەکی مەزن دەبێت بۆ سامانی ئاوی ژێر زەری و ژینگەی دەڤەرەکە."
جێی باسە، لەگەڵ تەواوبوونی خۆیدا، لە هەر کاتژمێرێکدا پڕۆژەکە 3 هەزار مەتر سێجا ئاو دەگوازێتەوە، و کێشەی نەبوونی ئاوی خواردنەوە لەم شارۆچکەیەدا کۆتایی پێ دێنێت.