فازڵ ئیبراهیم: دابارینی ئەمساڵ لە سەرووی تێکڕای ئاسایی دەبێت

بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان هۆشداری دەدات لەوەی ئەو شەپۆلە بارانبارینەی ناوچەکەی گرتووەتەوە دەبێتە یەکێک لە شەپۆلە بەهێزەکان و داوا لە هاووڵاتییان دەکات ڕێنماییەکان بەهەند وەربگرن؛ هاوکات پێشبینی دەکات رێژەی دابارینی ئەمساڵیش لە سەرووی تێکڕای ئاسایی ساڵانە بێت.

ئەمرۆ هەینی، 6ـی تشرینی دووەمی 2026، فازڵ ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان لە کاتی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر 11ـی "کوردستان24" رایگەیاند، ساڵی رابردوو رێژەی دابارین لە تەواوی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان زیادیکرد، بۆ نموونە لە شاری هەولێر تێکڕای دابارینی ئاسایی ساڵانە 400 ملمە، بەڵام ساڵی رابردوو گەیشتە نزیکەی 707 ملم، بەپێی پێشبینییەکانیش بارانبارینی ئەمساڵیش لە سەرووی تێکڕای ئاسایی ساڵانەی خۆی دەبێت.

دەربارەی کاتی دەستپێکردنی وەرزی بارانبارین، ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد، ساڵی رابردوو بارانبارینی سەرتاسەری لە 15ـی تشرینی دووەمەوە دەستیپێکرد، بەڵام ئەمساڵ پێشوەختە و لە مانگی تشرینی یەکەمەوە دەستیپێکردووە.

بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسی گوتیشی"ئەم شەپۆلەی ئێستا هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، دەبێتە یەکێک لە شەپۆلە بەهێزەکانی ناوچەکە. لە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆوە رێژەی دابارین چڕتر دەبێتەوە تاوەکو نیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە، لە هەندێک ناوچەدا بۆ داچاندن و کەرتی کشتوکاڵ سوودی زۆری دەبێت".

فازڵ ئیبراهیم باسی لەوەش کرد، پێشبینی دەکرێت تا بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان هۆشدارییەکە توندتر بێت، بەتایبەتی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، چەمچەماڵ، سلێمانی و هەڵەبجە رێژەی بارانبارین  چڕتر دەبێت. هاوکات لە ناوچە شاخاوییەکانیش بەفر دەبارێت و بارستەهەوایەکی سارد روو لە ناوچەکە دەکات.

دەربارەی ئامادەکاریی دامودەزگاکان، فازڵ ئیبراهیم ئاشکرای کرد کە 72 کاتژمێر پێش ئێستا لە رێگەی سێ راپۆرتی تایبەتەوە پێشبینییەکانی کەشناسییان بە سەرجەم وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان گەیاندووە تاوەکو لە ئامادەباشیدا بن و رێکاری پێویست بگرنەبەر پێش ئەوەی هیچ حاڵەتێکی نەخوازراو ڕووبدات.

هەروەها داوای لە هاووڵاتییان کرد هۆشداری و پێشبینییەکانی کەشناسی بەهەند وەربگرن، بەتایبەت کاتێک هۆشداری دەدرێت لە سەردانینەکردنی هەندێک ناوچەی دیاریکراو، تاوەکو سەلامەتیی گیانیان پارێزراو بێت.