عەقید شاخەوان سەعید: کابینەی نۆیەم کابینەیەکی زێڕین بوو بۆ بەرگریی شارستانی
عەقید شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کوردستان24 رایگەیاند کە هەموو ساڵێک وەکو بەرگریی شارستانیی هەولێر پلانی وەرزیمان هەیە و ئامادەکاری بۆ هەموو لافاو و بارودۆخێکی سروشتی دەکەین، جەختیشی کردەوە کە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کابینەیەکی زێڕین بوو بۆ بەهێزکردنی تواناکانی بەرگریی شارستانی.
هەینی، 6ی تشرینی دووەمی 2026، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر ئاماژەی بەوە دا کە ئەمساڵیش ئامادەکاریی تەواویان کردووە و رێرەوی ئاوەکان و دەمچەی مانهۆڵەکان خاوێن کراونەتەوە، و هەر سنوورێکیش کە مەترسیی کۆبووەوەی ئاوی لەسەر بێت کاریان لەسەر کردووە بۆ ئەوەی دووبارە کێشەیان بۆ دروست نەبێتەوە.
سەبارەت بە شوێنە مەترسیدارەکان لە کاتی بارانباریندا، عەقید شاخەوان گوتی: "بە نسبەت ئەو شوێنانەی خاڵی لاوازن لە هەولێر، ئێمە هۆشداریمان بڵاو کردووەتەوە و لە پلاتفۆڕمەکانی خۆمان و زۆربەی کەناڵەکانیش، لێرەشەوە باسی دەکەم بۆ هاووڵاتییانی خۆشەویستی شاری هەولێر کە چەند خاڵێکی لاوازی هەولێر هەیە ئاوی تیادا خڕ دەبێتەوە، وەکو 100 مەتری لای فاملی مۆڵ بە سەرەوە و لای یاریگای فرانسوا هەریریش هەروەها لای پردی سەیداوە، پێویستە خەڵک هۆشیار بێت و ئۆتۆمبێل لەو شوێنانە رانەگرێت چونکە ئەگەری بارانبارینێکی زۆر هەیە بۆ ئەوەی ئۆتۆمبێلەکانیان تووشی گرفت نەبن و خۆیان تووشی ئەو حاڵەتانە نەبن وەکو ساڵانی رابردوو، هەرچەندە ئەمساڵ بە دڵنیاییەوە ئەو جۆرە رووداوانە کەم دەبنەوە چونکە ئامادەکارییەکی باشمان کردووە."
ناوبراو سەبارەت بە پێشبینییەکانی کەشناسی روونی کردەوە: "ئێمە ئاگادارین رۆژی شەممە بارانێکی زۆر دەبێت تا ئێوارەی رۆژی یەکشەممە کۆتایی دێت و سەرەتای رۆژی دووشەممەش تۆزێک باران دەبارێت بەگوێرەی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی کە هەماهەنگییەکی باشمان لەگەڵیان هەیە چونکە ئەگەر ئەو ئاگادارکردنەوەیە نەبێت ئێمە بەو شێوەیە ئامادەکاریی ناکەین."
سەبارەت بە ئامادەیی تیمەکان و هێڵی گەرم، عەقید شاخەوان دەڵێت: "تیمەکانمان ئامادەن و هەر ماڵێک ئاوی تیادا بچێت تیمەکانمان دەچن بۆ یارمەتیدانیان بۆ ئەو مەبەستەش با هاووڵاتییان لە روودانی هەر حاڵەتێکی لەو شێوەیە پەیوەندی بە هێڵی گەرمی بەڕێوەبەرایەتییەکەمان بکەن کە بریتییە لە ژمارە 115، 125 کە بە بەردەوامی کراوەن."
هەروەها هۆشداری دا و گوتى: "مەترسیی لەسەر شۆفێران و هاووڵاتییان لەم دوو رۆژەدا هەیە، نزیک نەبنەوە لە کەناڵەکانی ئاو و رووبارەکان و ئەو شوێنانەی کەوا ئاوی لێ کۆبووەوە، بە هیچ جۆرێک نەهێڵن منداڵەکانیان لێوەی نزیک ببنەوە یاخود بە ئەنقەست یاری بە ئۆتۆمبێلەکانیان بکەن لەو شوێنانە، ئەوەش زۆر مەترسیدارە چونکە تۆ نازانێت لەنێو ئەو ئاوەدا چی هەیە ئاخۆ بەردی تیادایە یاخود چاڵە و ئەگەری هەیە تووشی گرفت و وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلت بکات."
لەبارەی دەستکەوتەکانی کابینەی نۆیەم، عەقید شاخەوان جەختی کردەوە: "کابینەی نۆیەم کابینەیەکی زێڕین بوو بۆ بەرگریی شارستانی، چونکە ئەو پێداویستی و کەلوپەلانەی لە رووی لۆجیستییەوە دابینکران پاڵپشتییەکی زۆر باش بوون بۆ ئێمە، تەنانەت ئێستا ئێمە پەیژەی رزگارکردنمان هەیە کە 100 مەترە لە هەولێر و دهۆک و سلێمانی کە لە زۆربەی وڵاتە پێشکەوتووەکان ئەو ئۆتۆمبێلە هەیە و هەروەها درۆنی ئاگرکوژێنەوە و درۆنی رزگارکردنمان هەیە و چەندین ئەفسەر و کارمەندمان ئێستا لە وڵاتی چین مەشق دەکەن لەسەر ئەم درۆنانە چۆن خەڵک رزگار بکەن و تەکنیکی زۆر باش بەکار هاتووە، و لەرووی کاروباری هونەریشەوە ئێمە زۆر پێشکەوتووین، هۆبەیەکی مۆڵەتی سەلامەتی و سەرپێچییەکانمان هەیە و هەرکەسێک سەرپێچی بکات ئێمە پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ دەکەینەوە."
لە کۆتایی قسەکانیدا، عەقید شاخەوان سوپاسی هاوکاریی خەڵکی کرد و گوتی: "خەڵکی کوردستان هەمیشە هاوکاری ئێمەن."